چارەنوسی دانوستانەکانی کوردانی رۆژئاوا

ئەم بابەتە 55 جار بینراوە

پۆڵەتیک پرێس

لەم هەفتانەی دواییدا، هێزە کوردییەکانی سوریا بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو ناکۆکیانەی ماوەیەکی درێژە لەنێوانیاندا بوونی هەیە، چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر ئەو سێبەرەدان کە تورکیا بۆ داهاتووی سیاسی و گفتوگۆکانیان دروستیکردووە.

ژمارەیەک لە هێزە کوردییەکانی سوریا بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە قامیشلۆ کۆبوونەوە، لەوبارەیەوە سیاسییەکی کورد کە لە کۆنگرەکەدا ئامادە بوو، کەشی کۆبوونەوەکەی بە کەشێکی ئەرێنی وەسفکرد.

لەلایەکی دیکەوە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” داوای لە تەواوی هێزە کوردییەکان کرد ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و بگەنە رێککەوتن.

ئەوەی جێی باسە ئەوەیە سەرجەم هێزە کوردییەکان بە کۆنگرەکەی قامیشلۆ قایل نەبوون، پێش کۆنگرەکەش دوو هێزە سەرکییە کوردییەکەی ئەو ناوچەیە گفتوگۆیان کرد، کە ئەوانیش پارتی یەکێتی دیموکراتی و ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی بوون.

ئەگەری چاکبوونی دۆخی هێزە کوردییەکانی سوریا بە تەواوەتی روون نییە

بەرپرسانی پارتی یەکێتی دیموکرات بە ئاژانسی نۆرس پرێسیان راگەیاند، هەردوولا رێککەوتوون کە بگەنە چارەسەرێک بۆ ناکۆکییەکانیان، بەڵام ئاشکرایە بەرپرسانی ئەنجومەنی نیشتیمانی ئامادەبوونیان لە کۆنگرەی داهاتوو وەلاناوە و ئەمەش هێمایەکە بۆ ئەوەی کە ناکۆکییەکانی نێوانیان بەردەوامە.

لەوبارەیەوە عەبدوڵا حەوێز، توێژەر و شارەزای سیاسی کورد لە لەندەن رایگەیاند، ئەگەری چاکبوونی دۆخی هێزە کوردییەکانی سوریا بە تەواوەتی روون نییە، بەڵام ئەگەر ئەمریکا فشاری پێویست بخاتەسەر هەردوولا رەنگە گۆڕانکاری رووبدات.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی هۆکار چی بوو ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی ئامادەبوونی لە کۆنگرەی دووەم پشتگوێخست حەوێز وتی: هەندێک لەو مەرجانەی ئەنجومەن بۆ بەشداریکردن داینابوو لەلایەن پارتی یەکێتی دیموکراتییەوە جێبەجێنەکران کە گرنگترینیان داوایلێبووردن بوو لەبارەی ئەو قسانەی ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری کۆمەڵگای دیموکرات (تەڤدەم) و یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ دیاره‌كانى رۆژئاواى كوردستان کردی کاتێک وتی: هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ بە بەکرێگیراوی تورکیان.

حەوێز گوتی تۆمەتەکەی ئاڵدار خەلیل زیادەڕەوی تێدایە و پەیوەستە بەو پەیوەندییانەی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لەگەڵ تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان هەیەتی، هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ لەلایەن هێزە سەربازییەکانی هەولێرەوە راهێنانیان پێکراوە، وتیشی: “پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ تورکیا هەوڵی باشکردنی پەیوەندییەکانی دەدات”.

هەندێک لەو مەرجانەی ئەنجومەن بۆ بەشداریکردن داینابوو لەلایەن پارتی یەکێتی دیموکراتییەوە جێبەجێنەکران

دوای ماوەیەکی کورت لە کۆنگرەی قامیشلۆ نەسڕ حەریری، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانی سوریا سەردانی هەولێری کرد و گەورە بەرپرسانی کورد و عێراق پیشوازییان لێکرد کە لەناویاندا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێم بوونی هەبوو.

دواتر چەند سیاسییەکی کورد لە رۆژئاوا، لەناویشیاندا هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد رەخنەیان لە خێزانی بارزانی گرت و وتیان: پێشوازی لە گەورە بریکارانی تورک کردووە.

دانوستانی کوردانی رۆژئاوا لە ناوەندی ژینگەیەکی ئاڵۆزی جیۆسیاسی لە بەردەوامیدایە، ئەمریکاش کە هەمیشە پاڵپشتی کوردانی رۆژئاوا و هەرێم بووە، نایەوێت بەشدارییەکانی خۆی لە ناوچەکە چڕتر بکات، هەتا ئێستاش ستراتیژی درێژخایەنی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەو وڵاتە کە چاوەڕوانییەکی بەرفراوانی لێدەکرا لەبارەی پاڵپشتیکردنی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا نییە.

حەوێز پێشبینی ئەوەیکرد، بە کشانەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردەکان بە پەیوەندییەکانیاندا بچنەوە کە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەیانە لە سەروو هەمووشیانەوە، تورکیا و ئێران.

بە بڕوای چاودێران، کوردەکان لە واقعی دوای ئەمریکا و نەمانی پاڵپشتی ئەو وڵاتە، پێویستە دانوستان و لێکتێگەیشتنەکانیان چڕتر بکەنەوە و ئەو ناکۆکییانە وەلانێن کە لەنێوانیان دروست بووە، چونکە ئەگەر لە یەک کاتدا دژی هەمووان بجەنگن، داهاتوویان لەناودەچێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک