كورد ترسی لەتێپەڕاندنی پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی هەیە

پۆڵەتیك پرێس:
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: دادگای باڵای فیدراڵی گرنگترین دەسەڵاتە لە عێراقدا و بەشێك لە شیعەكان نییەتیان باش نییە بەرانبەر هەرێمی كوردستان، كە بەنیازن مافەكانی كورد لەیاساكەدا كەمبكەنەوە.

بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، یاسای دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ هەموو لایەنەكان گرنگە، چونكە دوای پەسەندكردنی یاساكە دادگای باڵای فیدراڵی دەتوانێت بریاری یەكلاكەرەوەو كۆتایی لەسەر تەواوی كێشەكان بدات كوردیش دەیەوێت گەرەنتی بەشی خۆی هەبێت لەناو یاساكەدا ئەگەر ئەوە نەكرا كورد رێژەی یاسایی دانیشتنەكەی پەرلەمان تێكدەدات لەبەر ئەوەی یاساكە بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان یەكلادەبێتەوە.

بەهار مەحمود راشیگەیاند، ترسی كورد لە پەسەندكردنی یاسای دادگای فیدراڵی ئەوەیە بەشێك لە شیعەكان نییەتیان باش نییە بەرانبەر بە مافەكانی كورد، كە لەدەستووردا چەسپێنراوە ئەوەش وادەكات سوربین لەسەر ئەوەی، كە دەبێت گەرەنتی ئەو مافانەبكرێت بۆ كورد دانراوە ئەوكاتە كورد دەنگ بەیاساكە دەدات.

بەهار مەحمود باسی لەوەش كرد، لایان گرنگە یاساكە بەرێككەوتن بڕوات و نایانەوێت هەمووشت بۆ كورد بێت و كاری هاوبەشیان لاپەسەندە نەك وەك ئەوەی هەندێك لە لایەنەكان هەموو شت بەهی خۆیان دەزانن.

بەوتەی ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراق، نەبوونی ئەنجوومەنی فیدراڵی عێراق، كە لەدوای پەرلەمانەوە دەسەڵاتی دووەمە و لەماددەی 65ی دەستووردا باسی پێكهێنانی كراوە كێشەی گەورەی لەدانانی ئەندامانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دروستكردووە و لەئێستادا چەندین بۆچوونی جیاواز دروست بووە لەسەر دانانی ئەندامانی دادگاكەو هەر لایەنێك دەیەوێت لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایی بكاتەوە.

ئێستا دەستنیشانكردنی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی كێشەی سیاسی دروستكردووە و بەشێك لە شیعەكان دادگای فیدراڵییان كردووە بەمەرج بۆدەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 .

پێشتر دادگای فیدراڵی لە نۆ ئەندام پێكهاتبوو، سێ شیعە، دوو سوننە، دوو كورد و كریستیانێك و توركمانێك، بەڵام ئێستا ئەندامانی دادگاكە بۆ 15 ئەندام زیادكراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا