تەوزیعی ئەدواریش بێت ئیدی بەسە

هەرچەندە من لەسەرەتاشەوە لەگەڵ سیستمی دوو سەرۆكی‌و هاوسەرۆكیدا نەبووم بۆ بەڕێوەبردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و لەو باوەڕەدا بووم ئەو ئەوزاری بەرێوەبردنە تەنیا لە حاڵەتەكانی شۆڕش و بارودۆخە نائاساییەكاندا پەسەندە.

هاوسەرۆكێك لە شاخ و یەكێك لە شار، یاخود بۆ بڕوابوونی ئەو حیزبە بەیەكسانی جێندەری، خۆ یەكێتی قۆناغی شۆڕش و شاخی تێپەڕاندووە، كۆكەرەوەی ئایدۆلۆژیا جیاوازەكانیش نییە لە بەرەیەكی فراوانی مینبەرو ستراتیژو ئامانجدا وەك سەردەمی كۆمەڵەو شۆڕشگێڕان‌و خەتی گشتی‌و ….هتد مام هەموویانی كۆكردبووەوە.

ئەگەر لە ڕوانگەی میتافیزیكیشەوە لە دوانەی فەرمانڕەوایی بدوێین، یەك خوداو یەك پەیام و یەك بەرنامەی خودایی هەیە، چونكە دوو خودا گەردون وێران دەكەن و بەهەشت پڕ دەكەن لەبەندە گوێڕایەڵەكانی خۆیان و دۆزەخیش هەڵدەخەن بۆ نەیارەكانیان، ئەوكاتە دەبوایە دوو بەهەشت و دوو دۆزەخی جیاواز دروست بكەن.

دوو سەرۆكیش وڵات و حیزب تێكدەشكێنن و بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكیش تەكەتول ڕۆژ بە ڕۆژ توندترو فراوانتر دەبێت .

ببینن پارتی مێژووی سەردەمی بارزانی و كوڕەكانی دووبارە دەكاتەوە، لوقمان و عوبەیدوڵڵا، مەسعود و ئیدریس، دوان لە داخی دوان و گرنگیدانی بارزانی ڕەحمەتی بەدوانیان چوونە بەغدا و بەعسییەكان لە سێدارەیاندان، ئێستای گرنگیدانی مەسعود بارزانی بەیەكیان (مەسرور)و وردە وردە كەنارخستنی ئەویدیان (نێچیر)، مێژووەكە دووبارە دەكاتەوە .

بۆیە یەكێتی پێویستە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی بگەڕێتەوە بۆ مێژووی ڕووداوەكان، مامی حەكیم و سیاسەتمەداری تاقانە، ئەگەر بیزانیبا دوو سەرۆكی، یان هاوسەرۆكی دادی یەكێتی دەدا، لە گەرمترین تەنگژەكانی كۆمەڵەو شۆڕشگێڕان و پێكدا هەڵپژانەكانیاندا، كاك نەوشیروانی دەكردە هاوسەرۆكی خۆی‌و كۆمەڵەی پێدەسپارد، لە مەلا بەختیاری قبوڵ دەكرد ببێتە هاوسەرۆكی خۆی و سەرۆكی عێراقچییەكان .

دوای كۆنگرەی چوار چی ڕوویدا و چۆن ڕوویدا، چۆن بڕیاری هاوسەرۆكیتاندا گوزەشت، وەك هەندێك كەس و بۆچوونیش لەو باوەڕەدان ئێوە لەبڕیارو دەربڕین و هەنگاوەكانتاندا ڕۆڵەكانتان دابەش دەكەن و لە ژێرەوە موو بەنێوانتاندا ناچێت، ئەوە مەترسییەكەیە، ئەوە ئەو كارەساتەیە، كە ڕەنگە ئێوە حسابتان بۆی نەكردبێت، خوداش هەڵناگرێت ئەو ڕاوێژكارانەشی چواردەوریان گرتوون لە خەمی خۆیاندان .

دوێنێ ململانێكانتان دەبردەوە هەولێرو ئەمڕۆ هەولێر لەسلێمانیدا ململانێكانی ئێوە  یەكلاییدەكاتەوە .

دوێنێ لێبڕینی موچەمان قبوڵ نەدەكرد، ئەمڕۆ بوو بە ئەمری واقیع، ویستتان پارتی لە نەخشەی بیركردنەوەكانتاندا بسڕنەوە، ئەمڕۆ پارتی هەموو نەخشەو ستراتیژەكانتان پوچەڵ دەكاتەوە، دوێنێ تەپڵی لامەركەزی پەردەی مێشكی دەدڕین، سبەینێ لامەركەزیش دەخەنەوە عەقڵیەتی مەركەزییەتی هەولێر .

 

تكایە ئەگەر تەوزیعی ئەدواریشە ئیدی بەسە .

 

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا