ململانێ و ناكۆكییەكانی نێۆان هێزه سیاسییەكانی كوردستان، چ لەقۆناغی خەباتی چەكداری و چ قۆناغی حوكمڕانی، بە زۆر قۆناغی خوێنڕشتن و ئاڵۆزیدا تێپەریووە، بەڵام یەكەمجارە شەڕی پروپاگەندەو میدیایی نێوان دوو هێزی كوردستانی بگاتە ئاستێك، كە هێزێك لە قۆناغی شۆڕش و خەباتی چەكداری بێت، هێزێكی تری هاوخوێنی خۆی به تیرۆریست ناوی ببات.
ئەوەی ئێستا میدیای پارتی و پەكەكە دەیكەن، فووكردنە لەپشكۆی ئاگری شەڕی براكوژی. هەمیشە وابووە، لەپێشدا میدیای هەردوو لایەنی بەشەڕهاتوو، دەكەونە وێزەی یەكتری و دۆخەكە بەرەو شەڕ و رووبەروبوونەوەی چەكداری دەبەن.
شەڕی براكوژی لەنێوان پارتی و پەكە لە بەر قاپی هەرێمی كوردستانە. لەبنەڕەتدا كێشەكە لەنێوان پارتی و پەكەكەیە، دەوڵەتی ئیقلیمیش ڕۆڵی هەیە لە قووڵكردنەوەی ناكۆكیەكان. پارتی دەیەوێ وا پیشانی بدات كێشەكە لەنێوان هەرێمی كوردستان و پەكەكەیە، بۆیە زیاتر حكومەتی هەرێم و میدیای سێبەری كردۆتە رووكاری شەڕەكە.
پێشتریش لەووتارێكدا ووتومە، كابینەكانی پێشوو كوشتەی نەبوونی ئۆقرەیی سیاسی بوون. چونكە نەبوونی ئیستقراری سیاسی كاروباری حكومەتیش تووشی شكست ئەكات. نێچیرڤان بارزانی، كە سەرۆكی حكومەت بوو، نەرمی ئەنواند و زوو زوو خۆی ئەكرد بە بارەگای حزبەكاندا بۆ ئەوەی ئیستقراری سیاسی دەستەبەر بكات، بەڵام سەرۆكی ئەم كابینەیە بەدەستی خۆی نائیستقراری سیاسی دەخوڵقێنێ.
ئەم شەڕەی نێوان میدیای پارتی و پەكەكە، دەریخست ئێمە وەك یەكێتی گرفتمان لەگەڵ پارتی لە حوكمڕانیدا تەنها لەسەر دەسەڵات و ژمارەی پۆستەكان و هاوسەنگی لە بڕیار و حوكمڕانیدا نیە، بەڵكو دەركەوت گووتاری حكومەت لەلایەن پارتیەوە قۆرغكراوەو گووتاری حزبی پارتی هێنراوەتە ناو گووتاری حكومەتەوە. وتەبێژ و كۆد و پاسۆردی ماڵپەرو پەیچەكانی ڕەسمی دامەزراوەكانی حكومەح لای پارتین.
كێ ئەتوانی گووتاری پارتی وەك حزب و گووتاری حكومەتی هەرێم كە بەحساب حكومەتی پارتی و یەكێتی و گۆڕانە و هەندێ لایەنی ترە لەیەك جیابكاتەوە؟ تیمی پارتی بەیاننامە بەناوی حكومەت بەڵام بەنەفەسی حزبی بڵاو دەكەنەوەو پرس و ڕا بە تیمی حزبە بەشداربوو و هاوبەشەكانی حكومەتیش ناكەن.
ئێستا گرنگ ڕێگرییە لەشەڕی براكوژی. هەرێم گیرۆدەی قەیرانی بێمووچەیی و كۆرۆنا و دەیان كێشەی ترە، ئەگەر شەڕ هەڵبگیرسێ، هەرێم و پرسی كورد ئەچێتە دۆخێكەوە دوورنیە چیمان بەدەستهێناوە لەدەستی بدەینەوە.
كاروان یاروەیس