پۆڵەتیك پرێس
لە بەشێكی نەخۆشخانەی شۆڕش ئاگرێك كەوتەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەش بەبێ ئەوەی ئاماژە بەهۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە بكات دەڵێت “سەرجەم كارمەند و نەخۆشەكان سەلامەتن”.
شەماڵ جەبار یاوەر، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە و نەخۆشخانەی شۆڕش بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی، شەوی ڕابردوو ئاگرێک لە ژورێکی کارمەندانی نەخۆشخانەی شۆڕش كەوتەوە، بەڵام خۆشبەختانە بە بێ زیانی گیانی توانرا ئاگرەكە كۆنترۆڵ بكرێت.
وتیشی، هەموو کارمەندان و نەخۆشەکان سەلامەتن، لە دوو ڕۆژی داهاتووش دەوام لەو بەشە ئاسایی دەبێتەوە و سەرجەم نەخۆشەكانی بەشەكەش بۆ نەخۆشخانەی شار گوازراونەتەوە.
لای خۆیشیەوە سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرای سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، ئاگرەكە لە بەشی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی شۆڕش بووە، بەڵام هۆكارەكەی نەزانراوە سەرجەم كارمهند و نەخۆشەكانیش سەلامەت بون و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.