ساڵی 2020 لە ساڵانی تر نەچوو

بەر لە ساڵێك كەس لەو بڕوایەدا نەبوو، كە بوونەوەرێكی بە چاو نەبینراو بتوانێ كۆنترۆڵی جیهان بكات و ژیانی نزیكەی 1,7 ملیۆن كەس ببات، بزاوتی ئابووری و خوێندن و ژیانی كۆمەڵایەتی زۆربەی دەوڵەتانی جیهان بە دەوڵەتە بەهێزەكانی بواری ئابووری و زانست و هێزی سەربازییەوە رابگرێت! لە ساڵی كۆرۆنا، رووداوی گرنگ هەبوون شایانی هەڵوەستەكردنن.

پاشەكشێ دەكات یان لێی سوودمەند دەبێت؟
لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی قورسی ئیدارەدانی ئابوورییدا بوو، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا قەیرانەكەی قوڵتر كردەوە. حكومەت بەشێوەیەكی دروست مامەڵەی لەگەڵ پەتای كۆرۆنادا كرد، بەتایبەتی كە رێوشوێنی گونجاوی گرتەبەر، هاوكاتیشی سەرمایەداران و دەوڵەمەندەكانیش رۆڵێكی گەورەیان لەو مامەڵەكردنەدا گێڕا، لەگەڵیشیدا هاووڵاتیان بە باشی پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بوو، بەمەش هەرێم بەپێی قەبارە و توانای خۆی زیانێكی كەمی بەركەوت، بەڵام نەدانی مووچە و نەكردنەوەی دەرگای قوتابخانە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر خەڵكی بەجێهێشت، كە نەمانی ئاسەوارەكانی ماوەیەكی باشی دەوێت.

دوای ئەو هێزە وێرانكارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر ئابووریی دەوڵەتان هەیبوو، پرسیارێك سەبارەت بە دەوڵەتی چین دێتەپێش، ئایا رۆڵی نێودەوڵەتیی چین وەك كارەكتەرێكی سەرەكی لەسەر گۆڕەپانی جیهان لە رووی ئابوورییەوە لە دوای ڤایرۆسی كۆرۆنا كە سەرچاوەكەی وهانی چینی بوو، پاشەكشێ دەكات یان لێی سودمەند دەبێت؟

هیچ جەنگێكی نوێی بەخۆیەوە نەبینی
زیادبوون و بەهێزبوونی رۆڵی تەكنەلۆجیا لە هەموو لایەنەكانی ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتییدا، لە هەموو بوار و قۆناغەكانی خوێندن، كە گۆڕینی بەردەوامی رێگاكانی خوێندن و شێوازەكانی كاركردنی لێدەكەوێتەوە، بەڵكو كاریگەرییەكانی كۆرۆنا دابونەریت و ئازادی بزاوتی گەشت و گەڕان دەگرێتەوە، كە لە هەلومەرجی ئاساییدا ماوەیەكی ئێجگار زۆری پێویست دەبوو.

كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەر نەرێنی نەبوو، بەڵكو كاریگەریی ئاشتییانەی هەبوو، كە ئاستی گرژی و ناكۆكی و جەنگی نێوان دەوڵەتان و ناوخۆییشی كەمكردەوە، جگە لە چەند دەوڵەتێك نەبێت كە ئەو هەلومەرجەی قۆستەوە بۆ دەستوەردان و جەنگ و داگیركاری. لەگەڵ ئەو كاریگەرییە گەورە نەرێنییەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر هەموو بوارەكانی ژیان بەجێی هێشت، بەڵام گرژی جەنگی كەمكردەوە، جیهان لە 2020 هیچ جەنگێكی نوێی بەخۆیەوە نەبینی.

لە 2020، دیموكراسی دووچاری تەحەدیاتی گەورە بوویەوە، ناكرێ كاریگەرییەكانی كۆرۆنای لێ بەدەر بكرێت، لەوانە گێرمەو كێشەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا و رووسیای سپی، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا پێی وابوو ساختەكارییەكی ئێجگار گەورە كراوە، بەڵام لەو تۆمەتانەیدا سەركەوتوو نەبوو، پێش ئەویش شەقامی رووسیای سپی هەمان تۆمەتی ساختە درایە پاڵ حكومەت، بەڵام ئەوانیش سەركەوتوو نەبوون.

تومەتباركردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەمریكا بە ساختە و ناپاكی هەمان پێگەی بۆ دیموكراتیەتی ئەمریكا گەڕاندەوە، بەڵام شكستی تۆمەتباركردنی ساختەی هەڵبژاردن لە روسیای سپی، دیكتاتۆریەتی بەهێزكرد.

سێ رووداوی گرنگ
ئاشتبوونەوەی چەند دەوڵەتێكی عەرەبی وەك ئیمارات و بەحرەین و مەغریب لەگەڵ ئیسرائیل، لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بایەخێكی گەورەی پێدرا، كە رەنگدانەوەی گەورەی لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت، بەتایبەتی بۆ سنورداركردنی هێزی ئێران و توركیا.

كوشتنی جۆرج فلۆید پریشكی رەگەزپەرەستی لە قەڵای دیموكراتی و ئازادی هەڵایساند، برینێكی قولی لە جەستەی ئەمریكا بەجێهێشت، بەهیوای ئەوەی گرژی و ناكۆكی رەگەزپەرستی و تایفی لە هیچ شوێنێكی جیهان نەكەوێتەوە، چونكە قورسترین كێشەن كە كاریگەرییان لەسەر بونیاد و سەقامگیریی كۆمەڵگە دەبێت.

لە كۆتاییدا ناكرێ باس لە «تیك تۆك» نەكرێت، كە رووبەڕووی تەحەدیاتی گەورە بوویەوە، كە دووچاری رەسنەی توند بووەوە و كە لە چەند دەوڵەتێك هەوڵی داخستنی درا، بەڵام توانی ئەو تەحەدیاتانە تێپەڕێنێت و ببێتە پێشەنگی پرۆگرامەكانی ساڵی 2020، ببێتە یەكەم پێگەی سەرەكیی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی كە دوور لە چاودێریی دۆڵی سلیكۆن بەڕێوەببرێت.

بەهیواین ئەمساڵ 2021، ساڵی ئاشتی و سەقامگیری ئابووری و كۆمەڵایەتی بێت بۆ هەرێمی كوردستان بە عیراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

فەیسەڵ عەلی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا