هۆشیار زێباری لە بەرانبەر قسەكانی كەناڵی حوڕە كە وتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی میلیشیای دەرەوەی قانونن، كە دواتر زۆر بە رەزیلی لە كەناڵی عەهد جگە لە داوای لێبوردن، خۆی خستە درۆوەو وتی خەیاڵم خیانەتی لێكردوم و حەشدی شەعبی هێزێكی موجاهیدەو ناكرێت سوكایەتی پێبكرێت.
ئەو پیاهەڵدانە ئاڵا تاڵەبانی یان لاهوری شێخ جەنگی بیانوتبا، ئێستا هیڤیدار ئەحمەد و ئومێد خۆشناو دنیایان پڕ كردبوو، چەند ناشیرینە مرۆڤ لە بەردەم هاوزمانی خۆیدا هێندە كەڵەگاو لە بەردەم نەیارەكانیدا هێندە بچووك بێت.
لە بۆنەی 16ی ئۆكتۆبەردا بە پوچترین زمانی خێڵە دواكەوتوەكان پەلاماری یەكتر دەدەن و هەرچی ناشێ بە یەكتری دەكەن، لە ئاست دوژمنیش دەڵێی “پەڕۆن “، تازە تازە باسی چەمین و كۆڵوانە سورو 31ی ئابی پیرۆز دەكەن، چەند قێزەونە مرۆڤ خیانەتیش پیرۆز بكات و شەرم نەكات، ئەمانە نەك بۆ حوكمڕانی نابن، لە بوونیش زیادەن، چونكە زەرەریان زۆر ترە لە قازانجیان.
هۆشیار لاڵایەوە ، بەڵام لقی پێنج هەر سوتا ، لاڵایەوە بەڵام ئاڵای كوردستان و ئاڵای پارتی سوتا، خۆ ئەگەر لە سلێمانی یان گەرمیان ئاڵای پارتی بسوتێ مەگەر خودا بزانێ چی ڕوودەداو عەڕابەكان چیان دەگوت، ئاخر من كە دەڵێم دەبێت مەسعود بارزانی ئاوێك بكات بەم ئاگری ناوخۆیەدا بۆئەوەیە كە ئەگەر زێباریش هێندە خۆی بچوك كردەوە لانی كەم پێكەوە نەهێڵین لەوە زیاتر بچەمێتەوە، چەمانەوە چیە لە نێوان یەك هەفتەدا ئاوا بكەویتە پاكانەو كەچی لە ئاست یەكتریش هێندە ” دڕبن ” لە خیانەتیش داوای بوردن لە میللەت نەكەن.
لەتیف فاتیح فەرەج