ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی بڕیارنامەیەکی تایبەت بە غەززە کۆدەبێتەوە

پۆڵه‌تیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە (25ـی ئادار)، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر رەشنووسی بڕیارنامەیەک بدات کە لەلایەن رووسیا و چین پشتیوانی دەکرێت و داوای ئاگربەستی دەستبەجێ بە هۆکاری مرۆیی لە کەرتی غەززە لە مانگی رەمەزاندا دەکات.

دەنگدانەکە پاش ئەوە هات کە رۆژی هەینی، ئەنجوومەنەکە لەبارەی رەشنووسی بڕیارنامەیەک دەنگی دا کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشنیاز کرابوو، بەڵام رووسیا و چین دەسەڵاتی ڤیتۆی خۆیان بەکارهێنا و پڕۆژەیاساکە رەتکرایەوە کە تێیدا مەرجی “ئاگربەستی دەستبەجێ و بەردەوام” لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا دیاریکرابوو.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هۆشداریدا لەوەی بڕیارنامەکە کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە دەنگی لەسەر بدرێت، ڕەنگە زیان بەو دانوستانانەی واشنتۆن بە نێوەندگیری لەگەڵ میسڕ و قەتەڕ بگەیەنێت بە ئامانجی وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە غەززە دەستیپێکردووە، ئەمەش ئەگەری دووبارە بەکارهێنانی ڤیتۆ زیاد دەکات، بەڵام ئەم جارەیان لەلایەن ئەمریکییەکانەوە.

رەشنووسی پڕۆژەبڕیارەکە  لایەن دە ئەندامی ئەنجومەنەکەوە پێشکەش کراوە، هەریەکە لە رووسیا و چین کە دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنەکەن و دەنگەکانیان تایبەتمەندیی ‘ڤیتۆ’ لەخۆدەگرێت، پشتیوانی دەکەن. هەروەها گرووپی عەرەبی کە 22 وڵاتی نێو نەتەوە یەکگرتووەکان لەخۆ دەگرێت، پاڵپشتن.

پرۆژەبڕیارەکە داوای “ئاگربەستی دەستبەجێی مرۆیی لە مانگی ڕەمەزاندا” دەکات، لەگەڵ “ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سەرجەم بارمتەکان”. هەروەها جەخت لەسەر پێویستی بەپەلەی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی لە سەرتاسەری کەرتی غەززە دەکاتەوە.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا