یونیسێف هۆشداری لە دۆخی منداڵانی غەززە دەدات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رێكخراوی (یونیسێف) هۆشداری دا كە چڕبوونەوەی شەڕ و بەدخۆراكی و نەخۆشیەكان هەڕەشە لەژیانی زیاتر لە یەك ملیۆن و 100 هەزار منداڵ دەكات.

ئێستا 90%ی منداڵانی خوار تەمەنی دوو ساڵ بەركەوتەی “هەژارییەكی توندی خۆراكی بوون

یونیسێف ئاماژەی بەوەشكرد، تەنها لە ماوەی یەك هەفتەدا لە غەززە حاڵەتەكانی تووشبوون بە سكچوون لە منداڵاندا بە ڕێژەی 50% زیادیكردووە، ئێستا 90%ی منداڵانی خوار تەمەنی دوو ساڵ بەركەوتەی “هەژارییەكی توندی خۆراكی” بوون.

كاترین ڕوسیل بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یونیسێف ڕایگەیاند كە منداڵانی غەززە لە كابوسێكدا دەژین كە لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژێكدا خراپتر دەبێت، هەروەها منداڵان و خێزانەكانی كەرتی غەززە بەردەوام دووچاری كوژران و برینداربوون لە شەڕەكاندا دەبنەوە.

ڕوسیل داوای كرد هەموو منداڵان و مەدەنییەكان لە توندوتیژی بپارێزرێن و بتوانن دەستیان بە خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەكان بگات.

یونیسێف لە ڕاپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە حاڵەتەكانی تووشبوون بە سكچوون لە منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ تەنها لە ماوەی یەك هەفتەدا لە 48 هەزارەوە بۆ 71 هەزار حاڵەت بەرزبووەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە زیادبوونی زۆری حاڵەتەكان لە ماوەیەكی كورتدا نیشانەی ئەوەیە كە تەندروستی منداڵان لە كەرتی غەززە بە خێرایی بەرەو خراپی دەڕوات و بە تێكڕا مانگانە 2000 حاڵەتی سكچوون لە نێوان منداڵانی خوار تەمەنی 10 ساڵدا تۆماركراوە.

نەتەوەیەکگرتووەکان: دەبێت توندوتیژی و ئازارەكانی منداڵانی غەززە بوەستێت

یونیسێف لە ڕاپۆرتەكەیدا نیگەرانی خۆی دەربڕی لە نەبوونی خۆراكی پێویست بۆ زیاتر لە 155هەزار ژنی دووگیان و دایكی شیردەر و هەروەها زیاتر لە 135 هەزار منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵ.

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ڕێكخراوەكە وتی: یونیسێف كاردەكات بۆ پێشكەشكردنی یارمەتی ڕزگاركەری ژیان بۆ منداڵانی غەززە كە زۆر پێویستیان پێیەتی، بەڵام ئێمە بەپەلە پێویستمان بە دەستڕاگەیشتنێكی باشتر و سەلامەتترە بۆ ڕزگاركردنی ژیانی منداڵان.
ئاماژەی بەوەشكرد، داهاتووی هەزاران منداڵی دیكە لە غەززە لە مەترسیدایە. جیهان ناتوانێت لە تەنیشتیان بوەستێت و سەیر بكات، دەبێت توندوتیژی و ئازارەكانی منداڵانی غەززە بوەستێت.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە شەڕی ئیسرائیل لە دژی كەرتی غەززە لە چوارەمین مانگی خۆی نزیك دەبێتەوە، بە پێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی لە كەرتی غەززە، كۆی گشتی كوژراوانی شەڕی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە گەیشتووەتە 22 هەزار و 600 كەس، ژمارەی بریندارانی شەڕی بەردەوامی غەززە گەیشتووەتە 57 هەزار و 910 كەس.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا