بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم لەبارەی بەشەخۆراکی مانگی ڕەمەزان زانیاری ئاشکرادەکات

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەبارەی بەشەخۆراکی مانگی ڕەمەزان و ئەو ماددە خۆراکییانەی زیاددەکرێت، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم زانیاری دەخاتەڕوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە3ی ئادار، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ پۆڵەتیک پرێس ڕایگەیاند،” ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی لایەنی پەیوەندیدارین بۆ دابەشکردنی بەشەخۆراک بەسەر هاوڵاتیاندا، بەردەوام ئەو بەشەخۆراکانەی بۆمان دێت لەڕێگای بریکارەکانی خۆراکەوە دابەشیدەکەین، لەئێستادا ئەوەی هەیە و مانگانە دابەشی دەکەین بریتییە لە ، برنج، شەکر، زەیت، دۆشاو و پاقلەمەنیەکان”.

ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ بۆ مانگی ڕەمەزان، وەزارەتی بازرگانی عێراق چوار ماددەی زیادکردووە و بریتین لە، شەعریە، نیشاستە، مەعکەرۆنی و ئاردی سفر، کە بەشێکیان هاتوون و ئومێدەوارن لە سەرەتای مانگی ڕەمەزاندا دەست بە دابەشکردنیان بکەن.

لەبارەی گرانبوونی نرخی گۆشت، مریشک و ماسی ڕوونیکردەوە، “لەهەر بۆنەیەکی ئایینی یان نەتەوەی خواست لەسەر گۆشت زیاددەبێت، ئێستاش بەرەو مانگی ڕەمەزان دەڕۆین و خواست لەسەری زیاددەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخەکان، هەروەها نرخی گۆشت لە دەرەوە لەشوێنی بەرهەمهێنان زیادیکردووە و هەموویان کاریگەرییان لەسەر نرخی گۆشت هەیە، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستان کارمان بۆ ئەوەکردووە چۆن بتوانین نرخەکان داببەزێنین و زیانی زۆر بە هاوڵاتیان نەگەیەنێت”.

جەختیکردەوە، کۆنتڕۆڵکردنی ئەم دۆخە بۆ دابەزینی نرخی گۆشت پێویستی بەوەیە ئەنجومەنی وەزیران بێتە سەر خەت، پێشنیارمان بە ئەنجومەنی وەزیران داوە و داوامان کردووە، کە هەندێک ڕێکاری سەرەکی هەیە بەخێرایی بگیرێتەبەر، بۆئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخی گۆشت هەبێت و هاوڵاتیان بتوانن بیکڕن.

سەبارەت بە ڕۆیشتنی مریشک بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق و بەرزبوونەوەی نرخەکەی ڕایگەیاند،” بەپێی ئەو داتایانەی لە وەزارەتی کشتوکاڵ هەیە، زیاتر لە پێویستی خۆمان مریشک لە هەرێمی کوردستان پەروەردە دەکرێت و بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام تێچووی بەرهەمهێنانی لە بازاڕەکاندا زیادیکردووە، ئەگەر بەو نرخە لە بازاڕەکاندا بفرۆشرێت کێڵگە پەلەوەرییەکان زەرەر دەکەن، بۆیە وەزارەتی کشتوکاڵ پێشنیار دەکات بەشێکی ئەو بەرهەمەیان بنێرنە ناوەڕاست و خوارووی عێراق، چونکە پێویستیان پێیەتی، بەڵام هەمیشە ئەوەمان وتووە ئەگەر بزانین نرخی گۆشتی مریشک زیاد لە پێویست بەرزدەبێتەوە، داوا دەکەین ئەو مریشکە نەڕوات و ئەوانیش ناینێرنە دەرەوە”.

سەبارەت بە گەنمی جوتیاران باسی لەوەکرد، “بۆ ئەمساڵ لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و بازرگانی عێراق لەسەر خەتین بۆئەوەی هەوڵ بدەین چۆن ئەو گەنمەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەرهەمدەهێنرێت هەمووی وەربگیرێت، لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوە بێت، بەپێی زانیارییەکان ئەمساڵیش نرخی تۆنێک گەنم 850 هەزار دینارە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا