نرخی نەوت لەگەڵ هێوربوونەوەی ئاسایشی دەریای سوور جێگیر بوو

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

هەرچەندە پێکدادانە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامییان هەیە، بەڵام ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان، نرخی نەوت جێگیری بەخۆیەوە بینی پاش ئەو دابەزینە گەورەیەی لە وەشانی رابردوودا توشی هات، ئەمەش بەهۆی هێوربوونەوەی دۆخی ئەمنی دەریای سوور و گەڕانەوەی کۆمپانیاکانی بازرگانیکردنی نەوت بۆ ئەو رێگەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (28-12-2023)، نرخی نەوتی خاوی برێنت 10 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش 5 سەنت بەزبووەوە و بە 74 دۆلار و 6 سەنت لە بازاڕەکانی جیهاندا، کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت.

لە وەشانی رابردوودا، نرخەکان بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی دەریای سوور و هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی دەریای سوور بەرەو دابەزین دەرۆشتن.

کۆمپانیای ‘مێرسک’ـی دانیمارکی، کە کۆمپانیایەکی گواستنەوەی بازرگانیی نەوتییە دەڵێت کە چەندین بارهەڵگریان ئامادەکردووە بۆ گواستنەوەی بڕێکی زۆر لە نەوت لەرێگەی کەناڵی سوێس و دەریای سوورەوە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، پێشتر کۆمپانیاکە بەهۆی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی رێگەکە، چەندین بارهەڵگری نەوتیی خۆی لەو رێگەیەوە کشاندۆتەوە و کارەکانیانی راگرتبوو.

دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەرێگەی کەناڵی سوێس و دەریایی سوورەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر نرخەکان دادەنێت، بەهۆی ئەوەی نیگەرانییەکانی کەمی خستنەڕوو کەم دەکاتەوە و وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی بەهێز دەتوانن بەشێوەیەکی ئاسانتر دەستیان بگات بەم کاڵا ستراتژییە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازییەکانیان.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا