ئەمریكا بەهەولێر هەڕەشە لە بەغدا دەكات

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
لەناكاو عێراق خۆی لەبەردەم دوو ئەگەری سەختی هاوپەیمانە ئەمریكییەكەیدا بینییەوە، بەجۆرێك وەڵامی ئاسان نادۆزێتەوە بۆ چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ هەردوو ئەگەرەكە، یەكەم، ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، دووەم، ئەگەری پەنابردنەبەر سەپاندنی سزا بەسەر بەغدا لەلایەن واشنتۆنەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا هێشتا لەژێر گفتوگۆدایە، یان ئەوەتا وەك ئامرازی فشار بۆ سەر حكومەتەكەی مستەفا كازمی بەكاردەهێنرێت تا لەڕێیەوە گرەنتی پاراستنی بنكە دیبلۆماسی و سەربازییەكانی ئەمریكا لە خاكی عێراق بەدیبهێنێت، بژاردە چاوەڕوانكراوەكانیش بۆ ئەم جۆرە جوڵەیە، گواستنەوەی باڵیۆز و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەیە بۆ هەولێر، هەتا ئەوكاتەی دۆخی ئەمنی روون دەبێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیایی زیاتر بە ئەمریكییەكان لە بەغدا بدرێت.

 

پێدەچێت دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، ئەو سەركێشییە نەگرێتە ئەستۆ بەچەند هەفتەیەك بەر لەهەڵبژاردنەكان سەرباز و دیبلۆماتكارانی ئەمریكا لە عێراقدا نەهێڵێت

 

میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، پێدەچێت دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، ئەو سەركێشییە نەگرێتە ئەستۆ بەچەند هەفتەیەك بەر لەهەڵبژاردنەكان سەرباز و دیبلۆماتكارانی ئەمریكا لە عێراقدا نەهێڵێت، چونكە رەنگە رووبەڕووی هێرشی دیموكراتەكان ببێتەوە، بەتایبەت ئاگاداری مەترسییەكانی عێراق بووە و سەلامەتی بۆ ئەمریكییەكان فەراهەم نەكردووە، بۆیە هەنگاوی داخستنی باڵیۆزخانە و گواستنەوەی بۆ هەرێمی كوردستان ئەگەرێكی دوور نییە.

لەبەر ئەو هۆكارە، حكومەتی عێراق لەتوانایدایە بەرگەی هەڵبژاردەی كشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا و گواستنەوەی بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بگرێت، كە هەڵبژاردەیەكی كاتیی ئەمریكایە، بەڵام ئەوەی بەشێوەیەكی جددی پرسیار و دڵەڕاوكێ لە بەغدا دروست دەكات، ئەگەری سەپاندنی سزایە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە بۆ سەر عێراق، هەر ئەوەش ناكۆكی لەنێوان بەغدا و واشنتۆن دروست دەكات، كە بەر لە چەند هەفتەیەك و لەمیانی سەردانەكەی مستەفا كازمی بۆ ئەمریكا و كۆبوونەوەی لەگەل دۆناڵد ترامپ لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژی تاوتوێی داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوانیان كرد.

پێشتریش لەلایەن شارەزایان و توێژەرانی ئەمریكاوە، ئاماژە بەپێویستی سەپاندنی سزا لەلایەن واشنتۆن بۆ سەر بەغدا كراوە، هەتا عێراق ناچار بكات گۆڕانكاری سیاسی و ئەمنی و چاكسازی بكات، بەڵام ئەمە تەنیا لە چوارچێوەی شیكاریدا ماوەتەوە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە بەتایبەت لەكۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی خەزێنە و پنتاگۆن.

عێراق دڵنیا بوو لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیدارە ئەمریكییەكان، چونكە بارودۆخ هەرچۆنێك بووایە، واشنتۆن وا مامەڵەی لەگەڵ بەغدا دەكرد، كە دەوڵەتی ناوەندە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا و لە شەڕی دژی تیرۆرو دژی نفوزی ئێران، بۆیە هەنگاوی سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا لەلای زۆرێك لە بەرپرسانی عێراق و شیكەرەوە و چاودێران بژاردەیەكی ناچاریی و ناجۆرە.

 

هێشتا عێراق ئامانجی ستراتیژی واشنتۆنە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

فازل ئەبو رەغیف شارەزا لەكاروباری سیاسی و ئەمنی عێراق بە میدیاكانی عێراقی راگەیاند، لە ئێستادا ئەمریكا داوای داخستنی باڵیۆزخانەكەی لەعێراق دەكات، هیچ سزایەك لە پشت ئەو بڕیارانەوە نییە، كە ئیدارەی ئەمریكا دەریدەكات، چونكە هێشتا عێراق ئامانجی ستراتیژی واشنتۆنە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

یەكێك لەو نموونانەی دڵەراوكێی لە دڵی بەرپرسانی عێراق و سەركردەی حزبەكان دروست كردووە، لوبنانە، لەگەڵ ئەوەی ئیدارەی ئەمریكا جەختی لەوە دەكردەوە سەقامگیری بەیروت بەدیبێت بەتایبەت لە ساڵانی رابردوودا، كەچی ئەوە رێگری لە ئەمریكا نەكرد سزا بەسەر حكومەتی لوبنان و بەرپرساندا بسەپێنیت، لەنێویشیاندا ئەوانەی لەخۆیان نزیك بوون و لە دەسەڵاتیشدا بوون.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، وەزارەتی خەزانەی ئەمریكا سزای بەسەر دەیان كەسایەتی و لایەنی لوبناندا سەپاند‌و ئەگەر هەیە ئەمەش لەعێراق دووبارە بێتەوە.

 

وەزارەتی خەزانەی ئەمریكا سزای بەسەر دەیان كەسایەتی و لایەنی لوبناندا سەپاند‌و ئەگەر هەیە ئەمەش لەعێراق دووبارە بێتەوە

 

میدیاكانی عێراق باس لەوە دەكەن، یاساكانی سەپاندنی سزای ئەمریكا ئامادەیە، تەنیا ئەوەی ماوە لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە پەسەند بكرێت، بەنموونە، یاسای ماگنیتسكی ئەمریكا سەرپشك دەكات لەسەپاندنی سزا بەسەر ئەو كەس و لایەنانەی لە سەرتاسەری جیهان لەڕێی سڕكردنی سامان و مامەڵە داراییەكانیان لە بانك و دامەزراوە داراییەكانی جیهان مافەكانی مرۆڤ پیشێل دەكەن.

رۆژی ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٠، رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردەوە، واشنتۆن باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا بۆ ماوەی ٩٠ رۆژ دادەخات ئەگەر لەئاست هێرش و لەشكركێشییەكانی ئێران بۆسەر بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نەیەتە دەنگ.

هاوكات، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە بەر لە ماوەیەك سەردانی واشنتۆنی كرد و چاوی بە دۆناڵد ترامپ كەوت، داوای لە ئەمریكا كرد چاو بە بڕیارەكەیدا بخشێنێتەوە و داواشی لە هاوبەشە ئەوروپییەكانی كرد فشار بخەنە سەر ئەمریكا تا لە بڕیارەكەی پاشگەزبێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا