بافڵ جەلال تاڵەبانی هۆشداری دەدات: كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەبۆنەی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و 47 ساڵەی شۆڕشی نوێوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئاڵنگاری گەورەمان لەپێشە، جگە لە یەكڕیزی و تەبایی هیچ رێگەیەكی تر ناتوانێت زامنی مانەوە و بەهێزیی قەوارەی هەرێم بكات.

لە پەیامەكەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند: لە یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و 47 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان، پیرۆزباییەكی گەرم لە خەڵكی خۆشەویستی كوردستان، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و تێكۆشەرانی رێی خەبات دەكەم.

وتیشی: سڵاوی رێز و وەفاداری بۆ رابەر و سەركردەمان سەرۆك مام جەلال و سەرجەم دامەزرێنەرانی یەكێتی و بزوێنەرانی ئەم شۆڕشە دەنێرم و خۆمان بە قەرزاری خەباتی بێوچان و مێژووی پڕ لە شانازیتان دەزانین.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ بۆ ئێمە رۆژی دووپاتكردنەوەی وەفاداری و پابەندبوونە بە خوێنی شەهیدان و بنەما نەگۆڕەكانی یەكێتی كە خۆی لە چەسپاندنی (ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین) دەبینێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و ئاڵنگاری گەورەمان لەپێشە، جگە لە یەكڕیزی و تەبایی هیچ رێگەیەكی تر ناتوانێت زامنی مانەوە و بەهێزیی قەوارەی هەرێم بكات. دەمانەوێت گفتوگۆ و سازان بنەمای چارەسەری كێشەكان بێت و دوور لە خۆسەپێنی، پێكەوە كوردستان بەرەو داهاتوویەكی گەشتر ئاڕاستە بكەین. ژیان و سەرفرازیی خەڵكەكەمان خەمی گەورەمان بێت و بەرژەوەندییە كەسی و حزبییەكان، ئامانجە باڵاكانمان لەبیر نەباتەوە.

سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان روونیكردەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە دەستپێشخەربووە بۆ هەماهەنگی و كاری هاوبەش لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان. خەباتی كردووە لەپێناو بەهێزكردنی پایەكانی حوكمڕانی و دیموكراسی و فراوانكردنی سنوورەكانی ئازادی. بڕوای تەواومان بە كاری هاوبەش و پێكەوەییە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و رووبەڕووبوونەوەی گرفتەكان. دەبێت ناكۆكییەكان لە رابردوودا جێبهێڵین، پێكەوە بەرەو ئایندەیەكی سەقامگیرتر هەنگاوبنێین و ئەو ژیانە بۆ خەڵكەكەمان دەستەبەر بكەین كە بەڵێنمان پێدابوون.

جەختیشیكردەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە بانگەشەی پێكەوەیی و یەكگوتاریی كردووە، چونكە پێمانوایە بەهێزیمان پەیوەستە بە پێكەوەبوون و یەكدەنگیمانەوە. لەم پێناوەشدا هەموو هەوڵێكمان داوە و ویستوومانە لە بەغدا نوێنەری راستەقینەی خەڵكی هەرێم و بەدیهێنەری مافە یاساییەكانمان بین. لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە عیراق هەوڵمان بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەكان داوە و بەردەوامیش دەبین. دەمانەوێت لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان، داهاتوویەكی گەشتر بۆ خەڵك و وڵات مسۆگەر بكەین.

لەكۆتایی پەیامەكەیدا سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێمای بەوەكرد، خەڵكی خۆشەویستی كوردستان، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و هەموو یەكێتییە دڵسۆزەكان دڵنیا دەكەینەوە كە ناهێڵین یەكێتی لە رێبازە پیرۆزەكەی لابدات و بە رۆحی خۆمان چارەنووسی حزبە تێكۆشەرەتان دەپارێزین. یەكێتیی ماڵی هەمیشەیی ئێوە بووە و هەروا دەمێنێتەوە.
دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی سەرۆك مام جەلال و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا