ماكرۆن و ئەردۆغان رێككەوتن

پۆڵەتیك پرێس:

سەرۆكی فەرەنسا ئیمانوێل ماكرۆن پەیوەندی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیاوە كرد.

كۆشكی ئەلیزێ بڵاویكردەوە لە پەیوەندییەكەدا ماكرۆن داوای لە ئەردۆغان كردووە پابەند بێت بە راگرتنی پەرەسەندنەكان لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەگەڵ یۆنان و قوبرس دوو ئەندامی یەكێتی ئەوروپا.

ماكرۆن داواشی لە ئەردۆغان كرد رێزی تەواو لەسەروەری وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بگرێت لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی، هاوكات هیچ هەنگاوێك نەنێ بە تاكلایەنە كە ببێتەهۆی پەرەسەندن، پابەندیش بێت بە روبەری ئاشتی و هاوكاری لە دەریای ناوەڕاست.

لای خۆیەوە سەرۆكایەتی توركیا بڵاویكردەوە كە ئەردۆغان بە ماكرۆنی وتووە، چاوەڕێی ئاراستەیەكی بنیاتنەر لە پاریس دەكات لە ناكۆكییەكانی نێوان ئەنقەرە و یۆنان لە دەریای ناوەڕاست.

ئەردۆغان وتوشیەتی: توركیا تموحی لە مافی هیچ كەسێكدا نییە، بەڵام رێش بەكەس نادات مافی پێشێلبكات و خوازیاری گفتوگۆشە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد هۆكاری پەرەسەندنەكان پشتگوێخستنی مافی توركیا و قوبرسی توركییە لە ناوچەكە.

پەیوەندییەكانی توركیا و فەرەنسا چووە قۆناغێكی ئاڵۆزەوە بەهۆی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و پشتیوانی پاریس لە یۆنان و قوبرس و قەیرانی لیبیا.

ماكرۆن داواشی لە سەرۆكی توركیا كرد پابەند بێت بە بڕیاری قەدەغەی چەك بۆ لیبیا و پاراستنی بەرژەوەندی هاوپەیمانەكان لە سوریا.

هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر بەردەوامی گفتوگۆ لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی و وەزاری.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا