وەڵامێك بۆ وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە كامێراكانی پۆینت توو پۆینت

دوێنێ چوارشەممەی ڕێكەوتی7 ی ئەیلولی2022، بەڕێز جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر قسەوباسەكان دەربارەی كامێرەكانی كۆنترۆڵكردنی خێرایی (پۆینت توو پۆینت) هاتە دەنگ و بە چەند ڕستەیەكی كورت ڕای حكومەتی هەرێمی دەربارەی ئەو پرسە خستەڕوو، منیش وەك شارەزایەكی بواری هاتووچۆ، بە ئەركی سەرشانی خۆم زانی بە كورتی وەڵامی قسەكانی بدەمەوە، بەو هیوایەی دەرفەتێك بڕەخسێت بۆ پێداچوونەوە بەو هەنگاوەدا و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا.

بەڕێز وتەبێژی حكومەت دەڵێت: “ئەو بابەتە گەورەكرا و بە شێوازێك بەكارهێنرا بۆ موزادەیەی‌ سیاسی”.

لە وەڵامدا دەڵێم، بەڕێزم سەرەتا بابەتەكە بۆخۆی گەورەیە و پەیوەندیی بە ژیان و باری دارایی هاووڵاتیانەوە هەیە و بۆ ئەنجامدانی كارێكی وەها سەرەتا دەبوایە وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوونی لەسەر ئاستی جیهان بۆ بكات و بزانێت چۆن ئەنجام دەدرێت و لە چ شوێنێكی هاتووچۆدا بەكاردەهێنرێت و پێداویستییە ڕاستەقینەكانی كامانەن، نەك بەبێ لێكوڵینەوەی ورد و ئاگاداربوون لە فەلسەفەی پشت كامێراكانی كۆنترۆڵكردنی خێرایی (پۆینت توو پۆینت) لە هەرێمی كوردستان كاری پێ بكرێت و جێبەجێی بكرێت. ئینجا ڕەوانییە هەر هاوڵاتییەك ڕەخنە لە كارێكی دیاریكراوی حكومەت بگرێت بە “تیۆری پیلانگێڕان” ڕاڤەی بكەن و خۆتان لە بەرپرسیارێتی بەدووربگرن.

بەڕێز وتەبێژی حكومەت دەڵێت: “ئەو گرێبەستە بە شافەفی كراوە و ئەگەر تێبینییەكیش هەبێت دەكرێت چارەسەر بكرێت.”

لە وەڵامدا دەڵێم، بەڕێزم شەفافبوونی كارێك مانای ڕاستی و دروستی كارەكە ناسەلمێنێ، دەشێت كارێك زۆر ڕوون و شەفاف بێت، بەڵام لە ڕووی زانسییەوە هەڵەی تیادا بێت و مەترسیی لێ بكەوێتەوە. سەبارەت بە لایەنی زانستیی ئەو هەنگاوە دواتر دێمە سەری و دەمەوێت بڵێم كە كارەكە ڕاستە شەفافە، بەڵام لەم ڕووانەوە

1. شەفافە لە ڕووی ئەوەی، وەزارەتی ناوخۆ بەبێ ڕاوێژكردن بە كەسانی شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن تاكلایەنانە بڕیاری لێ داوە.

2. شەفافە لە ڕووی ئەوەی، لەبری ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ خۆی كارەكە ئەنجام بدات لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا، دەرفەتی بۆ بازرگانێك ڕەخساندووە لەسەر حسابی گیرفانی هاوڵاتیان پارەی بێشومار و خەیاڵی بۆ خۆی پەیدابكات

3. شەفافە لە ڕووی ئەوەی، ژمارەیەكی زۆر ئوتومبیل لە لایەن بازرگانەكەوە كڕاوە كە پارەیەكی زۆری تێچووە و دەریدەخات كارەكە ئەوەندە خێری بۆ بازرگانەكە هەیە ئەو ژمارە زۆرەی ئوتومبیل لەپێناویدا بكاتە دیاری بۆ حكومەت.

4. شەفافە لە ڕووی ئەوەی، مەرجەكانی بازرگانەكە چەند بەهێزبوون كە وای كردووە هەقی بەسەر ئەوەوە نەبێت هاوڵاتیان كەی پارەی سزای سەرپێچیی خێراییەكە دەدەن بە حكومەت، چونكە ئەو ڕاستەوخۆ و بێ چاوەڕوانیكردن پارەكەی خۆی وەردەگرێت.

5. شەفافە لە ڕووی ئەو ڕێژەی پارەیەی بازرگانەكە وەریدەگرێت و ئەو ڕێژەیەی كە حكومەت وەریدەگرێت و بریتییە لە 70% بۆ بازرگانەكە و 30% بۆ حكومەت تا كاتی تەواوبوونی تێچووی پڕۆژەكە، كە پانزە ساڵی پێویستە.

سەبارەت بەوەی ئەگەر تێبینیش هەبێت دەكرێت چارەسەر بكرێت دەڵێم: لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی قسەوباسی لەسەر كرا و بڕیار دەربارەی درا چیتان دەربارەی كرد. هەزاران هاوڵاتی لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە ڕای خۆیان خستەڕوو چیتان دەرهەقی كرد. من بۆ خۆم وەك شارەزایەكی بواری هاتووچۆ لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیەوە لایەنەكانی ئەو كامێرانەم خستەڕوو و لە پەیوەندیی تەلەفۆنیشدا تێبینییەكانی خۆم بە بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیاند، كە ڕۆڵی سەرەكیی هەبووە لە داڕشتنی گرێبەستەكەدا، وەزارەتی ناوخۆ چ گوێیەكی پێدان. لە ڕاستیدا دەبوایە پێش گرێبەستەكە زانیاری و تێبینیی پێویست كۆبكرایەتەوە، نەك دوای گرێبەستەكە تێبینی وەربگیرێت و ئەستەم بێت دەستكاریی گرێبەستەكە بكرێت.

دەربارەی لایەنی زانستیی ئەو كامێرانەش بە كورتی ئەوە دەڵێم، كە لە هیچ شوێنێكی ئەم جیهانەدا سیستەمی كامێراكانی كۆنترۆڵكردنی خێرایی (پۆینت توو پۆینت) بەو شێوازەی هەرێمی كوردستان دانەمەزراوە و سەربازگەئاسا هەموو ڕێگەوبانەكانی ناوشار و دەرەوەی نەگرتووەتەوە، بەڵكو بە گشتی لەو شوێنانەدا دانراوەن كە ڕووداوی هاتووچۆ زۆر ڕوویان داوە و بۆ ماوەیەكی دیاریكراوەی كورتمەودا. بۆ نموونە، چەند سەد مەترێك لەناو شار، (5_10كم) لە ڕێگەوبانی دەرەوەی شار و (10_40كم) لەسەر ڕێگەی خێرا (های وەی). كاتێك سەبارەت بە (پۆینت توو پۆینت) لەگەڵ بەرپرسە باڵاكەی وەزارەتی ناوخۆ قسەم كرد، ئەمەم بۆ ڕوونكردەوە. ئەو وتی كامێرەكانی ناوشار یەك پۆینتن و ئەوانەی نێوان شارەكان (پۆینت توو پۆینت)ن.

منیش پێم وت كەواتە دەبێت وەزارەتی ناوخۆ ڕوونكردنەوە بدات، چونكە ئەگەر وابێت كارێكی دروستە، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕوونكردنەوەیەش بڵاونەكراوەتەوە.

بەڕێز وتەبێژی حكومەت دەڵێت: “ئەو پڕۆژەیە لە بەرژەوەندی‌ هیچ كەس و لایەنێك نییە، بەڵكو لە بەرژەوەندی‌ خەڵك و بۆ كەمبوونەوەی‌ رووداوەكانی‌ هاتوچۆیە.”

لەوڵامدا دەڵێم، بەڕێزم جەنابت شارەزای بواری هاتووچۆ نیت و بەو حوكمەی خاوەن بڕوانامەی دكتۆرایت، دەبێت بزانیت قسەكردن لەسەر بابەتێك دەبێت بەپێی پسپۆڕی (بڕوانامەدار) یان شارەزایی (ئەزمووندار)ی بوارەكە بێت. ئینجا دەمەوێت ئەوە دووپات بكەمەوە كە بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ لە كوردستان تەنیا كامێراكانی كۆنترۆڵكردنی خێرایی بەس نین، چونكە خێرایی تاقە هۆكاری ڕووداوەكانی هاتووچۆ نییە، بەڵكو هۆكارەكانی زۆرن، هەندێكیان پەیوەندییان بە مرۆڤەوە هەیە (شۆفێر و پیادەكان)، هەندێكی دیكە پەیوەندییان بە ڕێگەوبانەوە هەیە (بوونی ڕێگەی گونجاو و سەلامەت)، یەكێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ ئوتومبیلەكان (مەرجەكانی توندوتوڵی) و ئەوەی دیكەش پەیوەندی بە كەشوهەواوە هەیە…هتد.
بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ كامێرەكانی (پۆینت توو پۆینت) كاریگەرییەكی سنوورداری هەیە و بە ئەندازەی گەورەیی كێشەی ئەو ڕووداوانە نییە. بۆیە دووپاتی دەكەمەوە كە بۆ كۆنترۆڵكردنی ڕووداوەكانی هاتووچۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە پێویستن و دەبێت حكومەت ئاوڕیان لێ بداتەوە و هەنگاو بۆ چارەسەركردنیان هەڵبهێنی:

1. دانانی پلانی چوار ساڵە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ و دەستەبەركردنی پێداویستییەكانی ئەو پلانە لە ڕووی دارایی، زانستی هاتووچۆ، ئامار و داتاكانی ڕووداوەكان…هتد. بۆ ئەمە پلانێكی ئامادەم بیخەمە بەردەستی بەڕیزتان بۆ سوودلێوەرگرتن.

2. بنیادنانی سیستەمێكی هاتووچۆی یەكگرتوو لە هەرێمی كوردستان، لەسەر بنەمای یاسا عیراقیەكان و یاسا نێودەوڵەتیەكان.

3. دامەزراندنی سیستەمێكی مۆڵەتپێدانی كوردستانی بە پشتبەستن بە كەسانی شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و وەك كارێكی دەستەجەمعی، نەك هەنگاوێكی قۆرخكاری لە لایەن هەر كۆمپانیایەكەوە بێت.

4. چاككردنی ڕێگەوبانەكانی كوردستان لە ڕووی بنیادنان و هێڵ و هێماكان و مەرجەكانی سەلامەتیەوە.

5. كۆنترۆڵكردنی مەرجەكانی توندوتۆڵیی ئوتومبیلەكان و ڕێگەگرتن لەوەی ئوتومبیلە ناتوندوتۆڵەكان بێنە سەر ڕێگاكانی هەرێمی كوردستان.

6. بەرزكردنەوەی كواڵیتیی زانستیی كارمەندانی هاتووچۆ، لە پلە باڵاكانەوە تا دەگاتە پۆلیسێكی سەر شەقام، چونكە هاتووچۆیەكی هاوچەرخ و پێشكەوتوو پێویستی بە كارمەندی شارەزا و لێهاتوو هەیە.

7. بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی هاتووچۆ بە شێوەیەكی سیستەمكراو لە ڕێگەی دامەزراوەكانی پەروەردە و خوێندن، ڕاگەیاندنەكان، كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، مزگەوتەكان و ئەوانی دیكەوە…هتد.

بەڕێز وتەبێژی حكومەت، زۆربەی ئەو قسانەی لەم وەڵامەدا دەرم بڕیون چەند ساڵیك لەمەوبەر بە نامە ئاڕاستەی بەڕێز سەروكی حكومەت و وەزیری ناوخۆم كردووە، بەم دواییانەش بە یاداشتنامەیەك دووبارە ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆم كردەوە و بە داواكارییەك خستمەوە بەردەمی سەرۆكی حكومەت، بەڵام بەداخەوە هیچی دەرهەق نەكرا.

كاتێك ساڵی 2013 ڕەخنەمان ئاڕاستەی بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، لە وەڵامدا وتی قسەكانتان ڕاستە، بەڵام ئێمە لە ڕابردوودا لۆكەمان لە دەمی خەڵك نابوو تا قسەنەكەن، ئێستا ئەو لۆكەیەمان خستووەتە گوێی خۆمان.” هیوادارم ئێوە بە ڕای ئەو بەرپرسە نەكەن، نە لۆكە لە دەمی خەڵك بنێن و نە بیخەنە گوێی خۆتان.

بە هیوای پێداچوونەوە بەو گرێبەستەدا و زەمینەخۆشكردن بۆ بنیادنانی هاتووچۆیەكی هاوچەرخ لە هەرێمی كوردستان.

هەڵكەوت عەبدوڵڵا
شارەزای بواری هاتووچۆ

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا