پۆڵەتیک پرێس
لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی هاوین ڕۆژانە ڕوبەڕووی تیشکی خۆر و گەرما دەبینەوە کە دەبنە هۆی تینوێتی زۆر، بەتایبەتی لەئێستادا کە مانگی ڕەمەزانە و بەشێکی زۆری خەڵک بەڕۆژوون بۆ دووربوون لە برسێتی و تینوێتی پێویستە گرنگییەکی زۆر بە ژەمی پارشێو بدرێت.
ئەم خواردنانە لەکاتی بەڕۆژووبوندا دەبنە هۆی تینوێتی:
-خواردنە سوێرەکان
بەرزی ڕێژەی سۆدیۆم لە جەستەدا بەتایبەتی لەکاتی بەڕۆژووبووندا دەبێتە هۆی تینوێتی، بۆیە باشترە خواردنە سوێر و دەوڵەمەند بە بەهاراتەکان لە ژەمی پارشێودا نەخورێن.
-خواردنەوە کافایینەکان
ئەو خواردنەوانەی دەوڵەمەندن بە کافایین وەک قاوە، چا، چای سەوز، خواردنەوە وزەبەخشەکان و چەندانی دیکەش یارمەتی شێدارکردنەوەی جەستە نادەن و وادەکەن بەدرێژەی ڕۆژ هەست بە تینوێتی بکەیت.
-کاربۆهیدرات
شیرینیەکان، مەعکەرۆنی، ئاردی سپی، ئیشی هەویر و خواردنەکانی دیکە کە دەوڵەمەندن بە کاربۆهیدرات پێویستە بە ڕێژەیەکی زۆر لە پارشێودا نەخورێن، چونکە لە ڕەمەزاندا هۆکارێکن بۆ تینوێتی.
-خواردنە سوورەکراوەکان
خواردنە چەور و سوورەکراوەکان دوای ماوەیەک ترشەڵۆکی گەدە دروست دەکەن، جگە لەوەش هۆکارێکن بۆ تینوێتی بۆیە پێویستە بەهیچ شێوەیەک لە پارشێودا نەخورێن.
-خواردنەوە گازیەکان
ڕێژەیەکی زۆر شەکریان تێدایە ئەگەری توشبوون بە قەڵەوی زیاددەکەن، هەروەها دەبنە هۆی ئاوسان و غازاتی سک، جگە لەوەش لەمانگی ڕەمەزاندا ئەگەر لە پارشێودا بخورێنەوە هۆکارێکی سەرەکی تینوێتین.
-شیرینیەکان
ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە شەکر وەک شیرینەکان و شوکولاتە ڕێژەیەکی زۆر کالۆریان تێدایە لەکاتی بەڕۆژووبووندا دەبنە هۆی تینوێتی.