پێشمەرگە و سوپا هەڵسەنگاندن بۆ ئۆپەراسیۆنەكان دەكەن

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان بەرپرسانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەڕێوەچوو، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی پلانی ئۆپەراسیۆنەكانی چەند رۆژی رابردوو دژ بە داعش، بە مەبەستی پڕ كردنەوەی كەم و كوڕییەكان و سەركەوتن بەسەر داعش.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ9_12_2021 لە بانی مەقان، سنوری نێوان چەمچەماڵ ـ قەرەهەنجیر لەسەر هەڵسەگاندنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی چەند رۆژی رابردوو، كۆبوونەوەیەكی باڵای سەربازی نێوان بەرپرسانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بەڕێوەچوو.

ئەوەشخراوەتە ڕوو، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و مستەفا چاوەڕەش فەرماندەی یەكەی حەفتا و فەریق جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لێپرسراوی میحوەرەكانی 1و 2و 3و 4 ی پێشمەرگە و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرسانی باڵای پێشمەرگە، لەگەڵ فەریق روكن عەلی فریجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك و فەرماندە باڵاكانی سوپای عێراقی لە سنووری دوزخورماتووـ كەركوك بوو.

ئاماژە بەوە كراوە لە كۆبوونەوەكەدا بەوردی تاوتوێی پلان و هەنگاوەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی چەند رۆژی رابردووی ناوچەكە كرا، هاوكات بەبایەخەوە جەخت لەسەر بەردەوامی ئەو پڕۆسەیە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی فراوانتر كرایەوە بۆ بنبڕكردنی تەواوەتی تیرۆریستانی داعش و پاككردنەوەی ناوچەكە.

لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا، هەردوولا هەڵسەگاندنی دروست و بابەتیانەی دەسكەوتەكانی ئۆپەراسیۆن كرد و تاوتوێی خاڵە نەرێنی و پڕكردنەوەی كەموكۆڕیەكان كرد، بۆ سەركەوتنی تەواوەتی بەسەر داعش و پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەكە و دانیشتوانەكەی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا