10 بیر بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوی چەمچەماڵ لێدەدرێت

پۆڵەتیك پرێس

بەمەبەستی چارەسەر كردنی كێشەی ئاوی قەزای چەمچەماڵ،نوێنەری دانیشتوانی قەزای چەمچەماڵ سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و یاداشتێكیان ئاڕاستەی حكومەت و پەرلەمان كرد و وەك چارەسەری سەرەتایی ئاوی قەزای چەمچەماڵیش بڕیاردراوە 10 بیری ئیرتیوازی لێبدرێت.

نیزام بابان، چالاكوانی مەدەنی و یەكێك لە نوێنەرانی دانیشتوانی چەمچەماڵ بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەهۆی كێشەی كەم ئاوییەوە خەڵكی چەمچەماڵ لە بارودۆخێكی سەختدان دەژین و بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كردووەو لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆبوونەوە و 10 هەزار واژووی خەڵكی چەمچەماڵ و داواكاری خەڵكی قەزای چەمچەماڵیان گەیاندووەتە پەرلەمانی كوردستان.

وتیشی:” یاداشتێكمان ئاڕاستەی حكومەت و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیارەكان كردووە و تێیدا داوامان كردووە لە زووترین كاتدا پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ جێبەجێبكرێت و كێشەی كەم ئاوی قەزاكە چارەسەر بكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەك چارەسەرێكی سەرەتایی بەڵێنیان پێدراوە لەسنوری ناوچەی كانی شەیتانی چەمچەماڵ 10 بیری ئیرتیوازی لێبدرێت تا لەو رێگەیەوە ئاو بۆ چەمچەماڵ دابین بكرێت و كێشەكەیان چارەسەر بكرێت.

ماوەی چەند ساڵێكە قەزای چەمچەماڵ بەهۆی كێشەی بێ ئاوییەوە دەناڵێنێت و لەئێستادا دانیشتوانی قەزاكە لەماوەی نێوان  (7 بۆ 14 )رۆژدا تەنها یەك جار ئاویان پێدەگات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا