فەیسبوک سنور بۆ بڵاوکردنەوەی پێشهاتەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین دادەنێت

پۆڵەتیک پرێس

تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک هەوڵدەدات لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل و فەڵەستین سنورێک دابنێت بۆ بڵاوکردنەوەی پۆست و نوسراوی رقئامێز لەنێوجەرگەی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی ماوەی هەفتەیەکە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامی هەیە.

بەپێی بڵاوکراوەیەک لەماڵپەڕی پۆڵیتیکۆ، گەورە بەرپرسانی کۆمەڵەکانی فشار لەفەیسبوک لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک، لەڕێی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە چاویان بە وەزیری بەرگری ئیسرائیل کەوتووە و بەیەکەوە گفتوگۆیان کردووە لەسەر دانانی سنورێک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری و هەڕەشەی توندڕەوانە لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

لەئێستادا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنراون بە پۆستی هەڕەشەئامێز و توندڕەوانەی پەیوەست بە پێشهاتەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین، ئاندی ستۆن وتەبێژی فەیسبوک رایگەیاند، “وەک وەڵامێک بۆ توندوتیژی، کار بۆ ئەوە دەکەین دڵنیایی بدەین کە خزمەتگوزارییەکانمان شوێنێکی پارێزراون بۆ کۆمەڵگاکانمان”.

ئاندی ستۆن جەختی لەوەشکردەوە، فەیسبوک بەردەوام دەبێت لەسڕینەوەی ئەو بابەتانەی ناوەڕۆکەکانیان پێشێلکارین بۆسەر سیاسەتی بڵاوکردنەوە.

ئەم کۆبوونەوانەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی هێوربوونەوەی دۆخی ئیسرائیل و فەڵەستین دیارنییە، بەتایبەت کە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ماوەبەسەرچووی ئیسرائیل بە بەردەوامی دووپاتی دەکاتەوە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لەهێرشکردنەسەر کەرتی غەززە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا