خێرو بێری ئیبراهیم خەلیل بۆ توركەكانە

پۆڵەتیك پرێس

سەردانی كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر بۆ دەروازەیی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل و كۆبونەوەی لەگەڵ كاربەدەستانی دەروازەكە ناڕەزایی گەورەی ئەو شۆفێرە كوردانەی بەدوای خۆیدا هێنا كە لەو دەروازەیە شمەك و كەلوپەلیان دەگواستەوە، بەڵام ئێستا رێگرییان لێدەكرێت.

ئەو سەردانە رۆژی 18ی ئاب ئەنجامدرا لە بارەی سەردانەكەشەوە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە سەردانەكەدا ئەنڤەر كۆك، كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێرۆ هاكان كارا‌چای سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای پێشخاپوور لە توركیا لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەكە باس لەجمۆجۆڵی بازرگانییەكانی نێوان هەردوولا كراوەو جەخت لە پێشخستنی پەیوەندییە بارزگانییەكانی نێوان هەرێم و توركیا كراوەتەوە.

دوای سەردانی كونسوڵی گشتی توركیا بۆ دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، شۆفێرانی كورد كە لەو دەروازە سنورییە كاردەكەن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا


دوا بەدوای ئەو سەردانە درەنگانی شەوی رابردوو، ژمارەیەكی زۆر لە شۆفێرانی كورد كە لەو دەروازە سنورییەوە كاری گواستنەوەی شمەك و كەلوپەلی نێوان توركیاو هەرێم دەكەن خۆپیشاندانیان ئەنجامداو رایانگەیاند، ئێستا شۆفێرانی توركی راستەوخۆ بارەكانیان دەهێننە هەرێمەوەو رێگە نادرێت بەوان وەك پێشتر كاری خۆیان بكەن.

بەهۆی رێكارەكانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە پێشتر بڕیاردرابوو لە تەواوی دەروازە سنوورییەكان رێگە نەدرێت شۆفێرانی بیانی بارەكانیان بهێننە هەرێمەوە، بەڵكو دەبێت لە دەروازەكەوە رادەستی شۆفێرانی كوردی بكەن و ئەوان بارەكانیان بهێننە هەرێمەوە بەوەش بژێوی ژیانیان دابین دەكرد، بەڵام لە ئیبراهیم خەلیل رێگە نادرێت شۆفێرانی كورد بەوكارە هەستن بەوەش وەك خۆیان باسی دەكەن بێكار بوون.

بەپێی ئامارە نافەرمییەكان سێ بۆ چوار هەزار خاوەنی بارهەڵگر لە سەرجەم دەروازەكان كاردەكەن، ئەو شۆفێرانە داوا دەكەن هاوسەنگی كاركردنیان بپارێزرێت.

پێچەوانەی دەسەڵاتدارانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، لەهەموو خاڵە سنورییەكانی هەرێم لەگەڵ ئێران، شوفێری بارهەڵگری ئێرانی بۆی نییە بار بهێنێتە ناوخۆی هەرێم مەگەر هەندێك جۆری بارهەڵگری تایبەت بێت، بەڵكو دەبێت ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان لەسنوور بارەكانیان بدەن بەبارهەڵگری عێراقی بەمەش سەرچاوەیەكی گرنگی بژێوی ژیان بۆ خەڵك دروست بووە بەتایبەت خەڵكی ناوچە سنورییەكان.

رێگریكردن لە شۆفێرانی كورد لە ئیبراهیم خەلیل دەرئەنجامی نەزانی و بیرنەكردنەوەیە لە بەرژەوەندی تاك و خێزانی كورد لە دهۆك و زاخۆ

بەڵام دۆخەكە لەسنووری ئیبراهیم خەلیل پێچەوانەیەو شوفێری تورك هیچ بارێكی نادات بەشوفێری عێراقی بەڵكو شوفێرە توركەكان باردەهێنن بۆ ناوخۆی هەرێم و عێراق، ئەمەش خزمەتێكی گەورەیە بەئابوری توركیا و زیانێكی گەورەشە بۆ ناوخۆی هەرێم، شارەزایانی ئابوریش دەڵێن، پێویستە خەڵكی زاخۆ هاوشێوەی ناوچە سنورییەكانی دیكە سودمەند بێت لەو خاڵە سنورییەی لەقەزاكەیان هەیە.


لەو بارەیەوە كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە پۆلەتیك پرێسی راگەیاند، خەڵكی ئەو ناوچانەی دەروازەی سنورییان لێ نزیكە مافی خۆیانە وەك سەرچاوەیەكی خۆبژێوی لە ناوچەكانیان كاریان پێ بدرێت و ئەوە ببێتە دەرفەتێكی كار بۆ خەڵكی ناوچەكە.

وتیشی، ئێمە وەك پەرلەمانتار و فراكسیۆنی یەكێتیش چەندینجار ئەوەمان راگەیاندووە، كە داهاتی دەروازە ئیبراهیم خەلیل دیار نییە و پێویستە داهاتەكانی ئاشكرا بكرێت، دوای دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەیكەینە بابەتی سەرەكی و كاری لەسەر دەكەین.

شارەزایانی ئابووریش ئاماژە بەوە دەكەن، رێگریكردن لە شۆفێرانی كورد لە ئیبراهیم خەلیل دەرئەنجامی نەزانی و بیرنەكردنەوەیە لە بەرژەوەندی تاك و خێزانی كورد لە دهۆك و زاخۆ.

دكتۆر عزەت سابر، پسپۆڕی ئابووری بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، پێویستە لە هەموو دەروازەیەكی سنوری هاوسەنگی رابگیرێت، ناكرێ بارهەڵگرەكان هەموویان لە وڵاتانی بیانییەوە بێن و خاوەنی بارهەڵگرەكانیش لە زاخۆو دەروازە سنورییەكانی دیكە بێكار بمێننەوە، بەپێویستیشی زانی وەزارەتی دارایی و بەرپرسانی دەروازە سنورییەكانە ئەو هاوسەنگییە رابگرن.

ئاماژەی بەوەشكرد، راگرتنی ئەو هاوسەنگییە بەجۆرێكە ئەو شمەكانەی توانای داگرتن و باركردنی نییە بە شۆفێری دەرەوەی هەرێم بپارێزرێت، ئەو شمەكانەش كە توانای داگرتن و باركردنی هەیە بە شۆفێرانی هەرێم بسپێردرێت، خاوەنی بارهەڵگرێك كە لەسنوری زاخۆ كاردەكات، پارەیەكی دەستدەكەوێت و دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی، بۆیە ناكرێ ئەو مافەیان لێ زەوت بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا