گریمان پەكەكە تیرۆریستە

كورد نابێ‌ چاوەڕێی ئەوە بكات رەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی باشی لە بارەوە بڵێن ، ئەردۆغان و باخچەلی هەردووكیان دوو فاشیستی توركن ، لێ‌ یەكێكیان بە ڕوویەكی دینیەوەو ئەوی دی بە ڕویەكی ناسیونالیستی كوێر بینەوە ، كەس نابێت چاوەڕێی قسەی خێر لە مانە بكات .

هەڵبەت ئەمەریكاو ئەوروپاش مامەڵە لە گەڵ بەرژەوەندیدا دەكەن ، بە لاتەوە سەیر نەبێت ترەمپ لە گەڵ ئیلهام ئەحمەد دابنیشێت و بە هاوڕێكانیشی بڵێت تیرۆریست ، یان هۆلاند لە تەك نەسرین عەبدوڵا وێنە بگرێت و بیباتە ئەلیزێ‌ و ئاپۆش بە تیرۆریست بزانێ‌ ، لە نێوان بەرژەوەندی و دۆستایەتیدا هەڵبەت بۆ زلهێزەكان بەرژەوەندی لە پێشترە .

دەوڵەتانی دنیا بە ئاوازی توركیا سەمادەكەن و پەكەكە بە تیرۆریست دەزانن ، كەواتە كێشەیەك هەیە، كێشەكە لە كوردا نیە لە بەرژەوەندی و ئاكاری سیاسیدایە ، لەم دۆخەدا دەبێت كورد خۆی نەچێتە ژێر ئەو كاریگەریەوە ، لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ئامەد پیرە مێردێكی ئازار زەدەی كورد لە بارەی ئاپۆوە پێی وتم ” ئەو ئیسلام نیە ” دەی دوژمنەكانیش هەر ئەوەیان گەرەك ، هەر لە ناو ئامەد كاتێك پیرە مێردێكی تر لە دەروازەی قەڵای ئامەد بینیمی جلی كوردیم لە بەر بوو هات بۆلام وتی ” ئێمەش دڵمان لاتانەو سەرۆكمان خۆش دەوێ‌ ، لە باخەڵیدا وێنەیەكی مەسعود بارزانی دەركرد كە دیار بوو لە رۆژنامەیەكی كردبوەوە ” كوردیش بۆ پێكەوەیی ئەمەیان گەرەك .

كاتێ‌ خەڵك بە پەكەكە دەڵێت تیرۆریست ، ئەوە تۆی وەك كوردێك دەبێت بە گژ ئەو ناو لێنانەدا بچیتەوە، پەكەكە تیرۆریست نیە شەڕی تیرۆری دەوڵەتی دەكات ،ئەركی هەموو كوردە ئەو راستیە بزانن و لە سەر ئاستی دنیاش ئەو بۆچونە نەفرەت بار بكەن ، ئێستا كە بایدن دەرچووەو سەرۆك كۆمارو سەرۆكی پارتی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و تەنانەت خەڵكی دیكەش بە براو هاوڕێ‌ ی دێرین و دۆستی كورد ناوی دەبەن ، ئەركی لە پێشینەی ئەم هەموو براو دۆستە ئەوەیە بە بایدن بڵێن پەكەكە تیرۆریست نیە ، پەكەكە جوامێرانە شەڕی تیرۆری كرد .

لە سەردەمی بەعسا بە لای عیراق و دۆستەكانیشیەوە پارتی و یەكێتی و موخەڕیب و تیرۆریست بوون ، بە لای ئێرانیشەوە دیموكرات و كۆمەڵە دژی ئینقیلاب و تیرۆریستن ، باشە بۆ دەبێت بە لای كورد خۆیشیەوە بە شێك لە كورد بە تیرۆریست بزانرێ‌ ، باشە گریمان پەكەكە تیرۆریستە ، دەی خۆ دەبێت بەڵگەو دەكۆمێنت هەبێت ، ئایە پەكەكە ئۆڵف پاڵمێی كوشت ، نەخێر ، ئایە ئاپێ‌ موسای نوسەر و ئاشتیخواز پەكەكە كوشتی ، نەخێر ، ئایە پەكەكە هیچ سەركردەیەكی تورك ، سیاسیەك ، وەزیرێك ، بازرگانێكی توركی كوشتوە ، نەخێر ، ئایە ساكینەو هاوڕێكانی پەكەكە كوشتنی نەخێر ، بە دەستی پەكەكە ئەمریكیەك ، فەڕەنسیەك ، ئەڵمانی و بەریتانیەك ، یان توركێكی سڤیل كوژراوە ، نەخێر ، كەواتە بۆ پەكەكە تیرۆریستە ، لە بەرانبەردا ئاكەپەو توركیا ئەرمەنی لە ئەرمینیا ، قوبرسی لە قوبرس ، لیبی لە لیبیا ، كورد لە رۆژئاوای كوردستان ، كورد لە باشوری كوردستان ، كورد لە باكوری كوردستان دەكوژن ، دەڕفێنن ، تیرۆر دەكەن ، توركیا یان پەكەكە .

وەك خۆم ئەگەر پەكەكە تیرۆریستیش بێت، مادام شەڕی ڕەوا بۆ بوون و ناسنامە دەكات بە تیرۆریستی نازانم چونكە دوا جار ئەوەی پەكەكە دەیكات پەرچە كرداری تیرۆری دەوڵەتیە و هیچی تر .

لەتیف فاتیح فەرەج

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا