پۆڵەتیك پرێس
بەهۆی بێبەشكردنیان لەو دامەزراندنانەی پێشتر بۆ دەرچوانی ئەو پارێزگایە راگەیەنراوە، ژمارەیەكی زۆر لە دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكانی كەركوك گردبونەوە.
گردبوونەوەكە لە كەركوك لەبەردەم بینای پارێزگا ئەنجامدراو تێیدا ژمارەیەك دەرچووی زانكۆو پەیمانگاكان كە لە كورد وعەرەب وتوركمان پێكهاتبوون ئاماژەیان بەوەكرد، لەكۆی ئەو دامەزراندنانەی هەبووە، ئەوان بێبەشكراون.
ئەوەش دەخەنەڕوو، لە پرۆسەی دامەزراندنەكاندا هیچ دەرچویەكی كەركوك لێی سودمەند نەبووە، پارێزگار و بەرپرسەكان خەڵكی حەویجەو دەرەوەی كەركوكیان دامەزراندووە.
ئەمە دوای ئەوە دێت، لەماوەی رابردووشدا نزیكەی سێ هەزار كەس وەك مامۆستا لە پەروەردەی كەركوك ناویان بۆ دامەزراندن هاتەوە، بەڵام راگەیاندنی ناوەكان نیگەرانی زۆری لێكەوتووە و بەشێك لە دەرچوان رایانگەیاند، نادادپەروەری لە دامەزراندنەكەدا كراوە، بەو هۆیەشەوە چەندین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.