دووساڵ بەسەر جەنگی ڕووسیاو ئۆکرانیا تێپەڕی

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ شەممە، 24-02-2024، دوو ساڵ بەسەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت و جەنگەکە پێی ناوەتە ساڵی سێیەمییەوە.

لە 24-2-2022، ئۆپراسیۆنی سەربازی روسیا بە کۆکردنەوەی ھێزێکی سەربازی زۆر و دانپێدانان بە کۆماری میللی دۆنیتسک دەستیپێکرد، کە بەدوایدا ھێزە چەکدارەکانی روسیا چوونە ناوچەی دونباس لە رۆژھەڵاتی ئۆکرانیا. ئەو کاتەش، ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا وتی، ئامانجیان لەو ئۆپراسیۆنە پاککردنەوەی ئۆکرانیایە لە چەک و نازییەکان.

لە ماوەی نێوان 24ـی شوباتی 2022 بۆ 31 کانوونی دووەمی 2024، 383 هەزار سەربازی ئۆکرانی کوژراون و برینداربوون

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی رووسیا؛ لە ماوەی نێوان 24ـی شوباتی 2022 بۆ 31 کانوونی دووەمی 2024، 383 هەزار سەربازی ئۆکرانی کوژراون و برینداربوون.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆکرانیاش؛ لە ماوەی نێوان 24ـی شوباتی 2022 بۆ 16ـی کانوونی دووەمی 2024، زیاتر لە 150 هەزار سەربازی رووسیا کوژراون و نزیکەی 222 هەزار سەربازیش برینداربوونە.

لەلایەن خۆیەوە گرووپی چەکداری ڤاگنەر ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای جەنگەوە تا ناوەڕاستی ئایاری 2023، نزیکەی 20 هەزار چەکدارییان کوژراون و 40 هەزاری دیکەش برینداربوون.

هەروەها تا سەرەتای 2023 بەلایەنی کەم 640 شەڕکەر و خۆبەخشی بیانی کوژراون کە یەکێکیان هاووڵاتی عێراق بووە و زۆرینەیان هاووڵاتی ئەمەریکا و جۆرجیا بوون و زیاتر لە هەزاری دیکەش برینداربوون.

جگە لە سەربازەکان خەڵكی سڤیلیش بوونەتە قوربانی. بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە سەرەتای جەنگ تا 31 کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە ئۆکرانیا 10 هەزار و 378 کەسی سڤیل کوژراون و 19 هەزار و 632 کەسی دیکەش برینداربوونە.

لە رووسیا 145 کەسی سڤیل کوژراون و هەروەها 191 کەسی سڤیلی بیانی لەو جەنگەدا کوژراون. هەروەها بەلایەنی کەم 15 رۆژنامەنووش لەو جەنگەدا کوژراون کە زۆرینەیان هەڵگری ناسنامەی رووسی و ئۆکرانی بوون.

ئێستا دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، بەبێ ھاوکارییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا رزگارمان نابێت. داواشی لە کۆنگرێسی ئەمریکا کرد، کاروانی ھاوکارییەکان پەسەند بکات، ئەگەر نا باجەکەی بە رۆحی ئۆکرانییەکان دەدرێت.

ئەو لێدوانەی زیلینسکی دوای ئەوە دێت کە چەندین مانگە کیێڤ چاوەڕێی ھاوکاری دیکەی ئەمریکا دەکات بە بڕی 60 ملیار دۆلار کە لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە بڕیاری لەسەردراوە، بەڵام کۆمارییەکان ناڕازین و ھێشتا پەسەند نەکراوە.

رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، وڵاتانی ئەوروپاش ھەوڵی کۆکردنەوەی 1.5 ملیار دۆلار دەدەن بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا.

لە کاتێکدا پوتن چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە بەردەوامی ھاوکاریکردنی ئۆکرانیا ئەوە پیشان دەدات کە وڵاتانی ئەوروپا و ناتۆ بەشدارن لەو شەڕە.

بەپێی ئەو ئامارانەشی بڵاوکراونەتەوە، زیاتر لە 10 ھەزار سڤیل کوژراون، کە زیاتر لە 650 منداڵ لەنێویاندا ھەیە

بەپێی داتاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، دوای دوو ساڵ، ھێشتا نزیکەی 8.5 ملیۆن ئۆکرانی لە رەوشێکی خراپدا دەژین، بە تایبەت ئەوانەی نزیکن لە ناوچەکانی شەڕ و ئەوانەی ئەستەمە ھاوکارییان بۆ بگات.

بەپێی ئەو ئامارانەشی بڵاوکراونەتەوە، زیاتر لە 10 ھەزار سڤیل کوژراون، کە زیاتر لە 650 منداڵ لەنێویاندا ھەیە، بەدووریش نازانرێت ئامارەکە لەوە بەرزتر بێت.ھەروەھا زیاتر لە چوار ملیۆن ئۆکرانی ئاوارەی ناوخۆ بوون، کە یەک ملیۆنیان منداڵن، شەش ملیۆن ئۆکرانی دیکەش پەنایان بردووەتە دەرەوەی وڵات.

سەبارەت بە قوربانیانی سەربازی، روسیا و ئۆکرانیا لەسەرەتای جەنگەوە بە ھەستیارییەوە ئاماری قوربانیانی سەربازییان بڵاودەکەنەوە، ماوەیەکی زۆریشە ھیچ ئامارێکی رەسمییان رانەگەیاندووە.

بەڵام بەپێی بی بی سی روسیا، لەسەرەتای ئەو جەنگەوە تا ئێستا، زیاتر لە 45 ھەزار و 123 سەربازی روسی کوژراون، کەسێیەکیان بەر لە جەنگەکە پەیوەندییان بە سوپاوە نەبووە، بەڵکو خۆبەخش بوون یاخود بە سەربازی کراون.

ھەروەھا بەپێی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، کوژراو و بریندارانی سەربازانی روسی و ئۆکراینی نزیکی 500 ھەزار بووەتەوە.

بەپێی رۆژنامەکە، زیانە گیانییەکان لە ریزی سوپای روسیا نزیک دەبێتەوە لە 300 ھەزار، لە نێویاندا نزیکەی 120 ھەزار کوژراو و 180 ھەزار بریندار.

لەنێو سوپای ئۆکرانیش، 70 ھەزار سەرباز کوژراون، ژمارەی بریندارەکانیش لەنێوان 100 ھەزار بۆ 120 ھەزاردایە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا