ئەنجومەنی وەزیران داوا دەكات ناكۆكییە سیاسییەكان تێكەڵ بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ چوارشەممە 6-12-2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنەوە ، بەخێرهاتنەوەی لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە كرد بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن و دەستبەكاربوونەوەی لە كار و ئەركەكەیدا.

سەرۆكی حكومەت هەروەها كورتەیەكی دەربارەی ئەنجامی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی لوتكەی گۆڕانی كەشوهەوا خستەڕوو كە لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات ئەنجامدرا.

لە بڕگەی یەكەمدا، گفتوگۆ دەربارەی دوا پێشهاتەكانی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان كرا لە دوا سەردانی شاندی دانوستانكار هەرێم بۆ بەغدا لە حەفتەی ڕابردوودا كە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەكانەوە خرایەڕوو.

شاندی دانوستكار ڕوونكردنەوە و بەرچاوڕوونی پێویستیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و تێیدا ئاماژەیان بەوە دا كە سەرەڕای دروستبوونی لەیەكترگەیشتنێكی هاوبەش لە بەغدا سەبارەت بەوەی كە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و دەبێت لە ناكۆكیی سیاسی و پابەندییەكان جیابكرێتەوە و دەبێت بڕە پارەكانی هاتوو لە خشتەكانی بودجە، وەك خۆی خەرج بكرێت و بە هیچ شێوەیەك پێوەری خەرجی ڕاستەقینەی لەسەر جێبەجێ نەكرێت و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێكەڵی پرسە سیاسیەكان نەكرێت.

شاندی دانوستانكار ئاماژەیان بەوە دا كە لە دانوستانەكانی ئەم دواییە، ئەوەی بۆ شاندی هەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و كێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناكات كە مانگانە 944 ملیار دینارە و بۆ ساڵێكی دارایی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیكات ، پێشێلكردنێكی ئاشكرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستانە .

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حكومەتی فیدرال دەكات كە لە نزیكترین دەرفەتدا، پڕۆژە یاسای هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بكات و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكات بە ئاراستەی دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەك لە خشتەكانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلیی و ناكۆكیی نەوتی و داهاتی نانەوتی. هەروەها لە سەر ئاستی سیاسیش پێویستە هەموو لایەنە سیاسیە پێكهێنەرەكانی كابینەی محەمەد شیاع سودانی، پشتیوانی پڕۆژە هەمواری یاسای بودجە بن تا مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، مووچەكانیان لە كاتی خۆیدا وەربگرن و چیتر ناعەدالەتی بەرامبەر مووچەخۆرانی هەرێم نەكرێت و لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكان و یاسای بوجەدا، شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت و لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانەوە مووچەكان بدرێن.

لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا، جێگری سەرۆك وەزیران، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەكانی توندوتیژی دژی ژنان پێشكەش كرد هەروەها ئاماژەی بە هۆكارەكانی توندوتیژی و چۆنییەتی چارەسەركردنیانی خستەڕوو و لەمبارەیەوە داوای لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە هەموولایەك هاوكار بن لەپێناو جێبەجێكردنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان.

لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێكی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری سەبارەت بە لێخۆشبوون و داشكاندنی بە ڕێژەی 15% لە دانەوەی قەرزی هاوبەشانی كرێی ئاو بە مەرجێك لە ماوەی 90 ڕۆژ لە ڕێكەوتی بڵاوكردنەوەی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە ، لە ڕۆژنامەی فەرمی، داواكاری پێشكەش بكەن بۆ سوودمەند بوون لەم بڕیارە كە دواتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وردەكارییەكەی بڵاودەكاتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا