ئیسرائیل بۆ دانیشتوانی غەززە: ماڵەکانتان بەجێبێڵن و بچنە باشووری غەززە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکە نامەی ئاگادارکردنەوە بەسەر دانیشتووانی باکووری غەززەدا بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، پێویستە ‌هاوڵاتییانی مەدەنی ماڵەکانیان بەجێبێڵن و بچنە باشووری غەززە.

لە نامەکەدا هاتووە، “شەڕ لە دژی ئیسرائیل بەرپاکراوە، لە ئێستادا شاری غەززە بووە بە مەیدانی جەنگ. هەر بۆیە دەبێت بە زووترین کات ماڵەکانتان جێبێڵن و بچە باشووری غەزە”.

ئیسرائیل ماوەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە مۆڵەتی 24 کاتژمێری داوەتە دانیشتووانی باکووری غەزە بۆ جێهێشتنی ماڵەکانیان.

لەبەشێکی دیکەی نامەکەدا نوسراوە، “دەبێت پەناگە ناسراوو گشتییەکانی ناو غەززە چۆڵبکرێن”. هەروەها، هۆشداری داوە لەوەی کە نابێت هیچ کەس لە دیواری ئەمنی غەززە نزیک بێتەوە و هەرکەس نزیکی ئەو دیوارە بکەوێتەوە “رووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە”.

لای خۆشییەوە، بزووتنەوەی حەماس لە وەڵامی ئیسرائیلدا بەیاننامەیەکی بەپەلەی دەکردو، داوای بەهاناوەچوونی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. لە بەیاننامەکەی بزووتنەوەی حەماسدا هاتووە، “داوا لە ئاژانسی فریاکەوتنی ئاوارە فەڵەستینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA) دەکەین کە بەرپرسیارییەتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن بەرامبەر ئەو هەوڵە بەردەوامانەی کە رژێمی فاشیستی ئیسرائیلی بۆ ئاوارەکردن و کۆمەڵکوژکردنی  گەلی فەڵەستین گرتوویەتییە بەر”.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی بزووتنەوەی حەماسدا هاتووە، “داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی فریاکەوتنی ئاوارە فەڵەستینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA) دەکەین کە شان بخەنە ژێر باری بەرپرسیارێتیەکانی خۆیان و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و تاوانەکانی داگیرکاری مەحکوم بکەن و واز لە ڕۆڵی شایەتحاڵی درۆینە لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سیستماتیکییەکانی قڕکردن و ئاوارەکردنی گەلی فەڵەستین لە لایەن ماشێنی شەڕی زایۆنیستیەوە بهێنن”. داواش دەکات، ” بەرگری لە مافی رەوای هاوڵاتیان بکەن بۆ ئەوەی لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و پێداویستییەکانیان مسۆگەر بکەن. ئەم خەڵکە بەبێ گوێدانە قوربانیدانەکان، بڕیاری مانەوەیان لە خاکەکەیاندا داوە و بەجێی ناهێڵن جگە لە زەوی و زار و گوند و شارەکانیان کە بە زۆر لێیەوە ئاوارە بوون.”

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا