لە قوتابخانەی زیندانەوە

خوێندکاری قۆناغی دووەمی پەیمانگای تەکنەلۆجی بەغداد بووم لە کاتی تاقیکردنەوەی وانەی مەسحی ئەندازیاری لە پڕ دوو کەسی کەتەی ناوشان پان و سمێڵ قەیتان کە دەتگوت دوو باڵی قەلەرەشکەیە شۆربۆتەوە سەردەم و لێویان خۆیان کردە ناو هۆڵی تاقیکردنەوەکە لە گەڵ مامۆستای وانەکە دەستیان کرد بە چرپەچرپ تیری چاوەکانیان بەرەو من ئاراستەدەکرد، یەکسەر هەستم بە مەترسییەک کرد بۆیە کلیلی لۆکەرەکەم لە بەشی ناوخۆیی لە فرسەتێکی زۆر خێرادا دایە خوێندکارێکی تەنیشتم (عەلی عومەر) ی برادەرم بۆ ئەوەی ئەو بڵاوکراوانەی یەکێتی و کۆمەڵە کە لەناو ژورەکەمدان دەریان بکات و بیانفەوتێنێت. دوای چەند چرکەیەک مامۆستاکەم کەناوی (زیاد) بوو هاتە نزیکمەوە وتی تۆیان ئەوێ و دەبێت برۆی لەگەڵیاندا.

ئەوکاتەی لەناو هۆلی تاقیکردنەوەکە هاتمە دەرێ سەیرمکرد ھەر ئەو دوانە نین بەڵکو خەڵکی تریشیان لەگەڵە و لە دەرەوە چاوەروانی ھێنانی من بون، سواری سەیارەیەکی فیاتی ڕەنگ قاوەییان کردم و  منیان خستە نێوانی خویان و بەرەو فەرمانگەی ئەمن رۆشتن.وەختێک گەیشتین بەئەمنی عامە ھەردو چاومیان بە پەڕۆیەکی ڕەش بەستەوە، دوای چەند خولەکێک بردیانم بۆ ژورێک دیاربو لە ژورەکەدا چەند کەسێک  چاوەروانی من بوون بۆیە یەکسەر دەستیان کرد بە پرسیارکردن دەربارەی کۆمەڵە و یەکێتی و هەڵۆی سور لەگەڵ ئەشکەنجەدانێکی  دڕندانەی جەستەیی و دەرونی بێسنور، دوای نزیکەی سێ کاتژمێر لە لێکۆڵینەوەی توندوتیژ و ئەشکەنجەدان منیان بە چاوبەستراوی برد بۆ ژورێکی تاکەکەسی.

سوپاس بۆ خوا دانم بەخۆداگرت و توانیم بەرگە بگرم و  هیچیش نەدرکێنم بەمەش لەیەکەم تاقیکردنەوەی زیندان و ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوەدا سەرکەوتوبوم کەدواتریش بوو بە ھەوێنی خۆڕاگری و بە ئەزمونیش بۆم دەرکەوت کە دەتوانم بەرگەی دڕندەیی ئەمن و ئەشکەنجەدانی زاڵمانەی بێ سنوریان بگرم .لەڕاستیدا لەدوایشدا زانیم کەھاوکات لەگەڵ گرتنی مندا ژمارەیەک کادر و ئەندامی رێکخستنی یەکێتی گیراون و ئەوانیش زۆربەیان لەزێندان بە خۆڕاگریان بەعسیەکانیان توشی سەرسوڕمان کرد  بەتایبەت جەللادێکی وەکو فازڵ بەڕاک، بەرێوبەری ئەمنی عامە کە سەدام حوسین ئەرکی لە ناوبردنی حزبی شیوعی و حزبی دەعوە و قەومیەکانی عەرەب و بزوتنەوەی کوردی پێ سپاردبوو.

ئێمە لەو وەختانە نەوەیەک بووین بەدەزوی کۆشش و بەعەرەقی کۆڵنەدان  و بە خوێن و شەهیدبون سەردەمەکانمان بەیەکەوە دەبەستەوە و  بەرێیمان دەکرد بەڕاستی ئەو قۆناغانە تاڵ و سەختبون.ئێستا کە بیر لەو رۆژگارانە دەکەمەوە، نازانم لەچاوی ئەو ڕۆژگارانەوە یان لەچاوی ئێستای کوردستانەوە سەیری بەهاکانی ئازادی بکەم هەرچەندە لەوساش و لەئێستاش وێڕای تێبینیەکان بەڵام دڵم هەر ئاوێتەی خۆشەویستی خاک و گەردیلە ئاڵتونیە پیرۆزەکانی نیشتیمانە.

ئەوەی من سەرنجمدا لەو سەردەمەدا جەلادەکانی بەعس تەنانەت بۆ زیندانیش سیستەمێکی تایبەت بەخۆیان هەبوو، سەرەرای تەکنیکی ئەشکەنجەدانی بێوێنە و  زاڵمانە کەچی خواردنێکی باشی سێ ژەمە و میوەشیان بە زندانیەکان دەدا، تەنانەت ھەفتانە دکتۆریشان دەنارد بۆ پشکنینی تەندروستی زیندانیەکان، دەسەڵات لەبەر مرۆڤدۆستی و مافی مرۆڤ و رەچاوکردنی یاسا ئەمەیان نەدەکرد، بەڵکو بۆئەوە بوو ھەتا دڵنیابن لەوەی کەسی زندانیکراو بەرگەی ئەشکەنجە بگرێت و زۆرترین کات لایان بمێنیتەوە، ئەمەش لەپێناو بەدەستھێنان و وەرگرتنی ئەو  زانیاریانەی کە خۆیان بەدویدا دەگەڕان.

شتێکی دیکەش کەمن وەک زیندانیەک تێبینم کرد بەعسیەکان لەپاڵ ئەشکەنجەدان کۆمەڵێک تاکتیکی جیاوازیشیان هەبوو کە مەبەستیان دەست گەیشتن بوو بەزانیاری زیاتر لەناو زینداندا، لەوانە خزاندن و ناردنی سیخورێکی خۆیان پێش زیندانیەکانی دیکە بۆ ژورەکان.ئەرکی ئەو سیخوڕانە جۆربەجۆر بوو، ئەوان ڕاھێنرابون چۆن زیرەکانە پرسیار بکەن یان چۆن بتوانن ورەی زیندانیەکان بڕوخێنن و ترس و تۆقاندن بخەنە دڵیانەوە،بۆنمونە پرسیاریان دەکرد بۆ گیراویت؟ یان لەسەرچی ھێنراویت بۆ ئێرە؟ یان راسپاردەت هەیە بۆ دەرەوە؟ دوای ئەو هەموو هیلاکی و ئەشکەنجەدانە دەیانگوت جارێ ئەشکەنجەی  ئوتوکردنی جەستە و داکوتانی بزمار لەسەر ران و زۆر ئەشکەنجەدانی دیکەی قورستریش ماوە،باش بوو ئێمە زوو ئەو تاکتیک و فێڵەمان زانی نەکەوتینە داوی ئەو سیخوڕانە!

لە دوا رۆژەکانی زیندانم کورێکیان ھێنایە ژورەکەم ناوی کەمال بوو، زۆر شەکەت و  شپرەزە فڕێیاندایە ژورەوە، کەمال خەڵکی پارێزگای ناسریە و سەربازی سوپای عیراق بوو لە سەر حزبی شیوعی گیرابوو،ئەسمەرێکی کەمێک لاواز و باڵا کورت بوو دیارە لە ژێر ئەشکەنجەیەکی لە حەد بەدەر بەدبەختە بەرگەی نەگرتبو بۆیە ئیعترافی لەسەر خۆی و (5) ھاوڕێی سەربازی دیکەی کردبوو .

ئەو کوڕە شەوان بە دەنگێکی غەمگین و کز گۆرانییەکی ( ستار جبار )ی دەگوت ( أفز بالليل نص الليل هذا الليل شي صبح….) بە کوردیەکەی ( شەو و نیوەی شەو داچەڵەکێمەوە،  ئەم شەوە کەی بە رۆژ دەشکێتەوە…) خۆی ئەیزانی چارەنوسی ئیعدامکردنە . دواتر لەیەکتر جیاکراینەوە، ئەو هەر  لە زیندانە بچوکەکە مایەوە و منیش بەھۆی ئەوەی ھیچ شتێکم نەدرکاند ئازادکرام.تائێستاش کە ئەو گۆرانییە دەبیستم چاوم پر لە فرمێسک دەبێت و دڵم دەگوشرێت و یەکجار خەمبار دەبم.

لەگەڵ ئازادبونم و گەیشتنم بە کەسوکار کەھاتبون بەشوێنمدا، یەکسەر هەواڵێکی جەرگبڕیان پێدام کە هەواڵی شەهیدبونی بێباکی شێخ عومەری هاوڕێم بوو بەمەش دڵخۆشی ئازادبونم و هەوڵی مەرگی ئەو هاوڕێیەم لەو ساتەوەختەدا بوون بە تێکڵاویەکی دەرونی لە خۆشی و ناخۆشیدا .

لە ڕاستیدا ئەزموونی زیندانیم بە رۆژژمێری ئاسایی ،نزیکەی سێ مانگ و نیو بوو بەڵام بەرۆژژمێری ئەشکەنجەو ئازاردان زۆر درێژ بوو، بەشی هەرە زۆری ئەو  رۆژگار و سەردەمە دژوار و تاڵ بوون بەڵام ئێمە ئەو یەکێتیە بووین هەوڵمان ئەدا بە تێکۆشان و هەنگوینی کوردایەتی ئاسان و شیرینیان بکەین، ئەوەی من بینیم و ئەوەی بەسەرمان ھات لە زیندان و ئەشکەنجە و دەردەسەری بێگومان بەشێکی کورت بوو لەداستانی خەباتی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە چاو تێکۆشەرانی دیکە ھاوڕێبازمان بەتایبەت ئەوانەی کە گیانیان بە سەخاوەتەوە بەخشییە ڕێگای سەرکەوتنی یەکێتی و ڕزگاری کورد و کوردستان.

عیماد ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا