ترەمپ و بایدن رووبەڕووی یەک دەبنەوە

پۆڵەتیک پرێس

بە ملیۆنان ئەمریکی و خەڵکی جیهان، چاودێری یەکەم دیبەیتی تەلەفزیۆنی لەمیانی پێشبڕکێی چوون بەرەو کۆشکی سپی دەکەن کە بڕیارە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە، بڕیارە شەوی سێشەممە ٢٩ی ئەیلول بە کاتی ئەمریکا کە دەکاتە بەرەبەیانی چوارشەممە بە کاتی وڵاتانی دەوروبەر، دیبەیتی تەلەفزیۆنی لەنێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان لەگەڵ جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان لەمیانی پێشبڕکێی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت.

ئەوەش هاتووە، بڕیارە ئەو دیبەیتە لە زانکۆی کەیس وێسترن ریزێرڤ لە کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهیۆ ببەسترێت، ئەو ویلایەتەش بەشێوەیەکی گشتی بە گۆڕەپانی ململانێی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەنێوان حزبی کۆماری و دیموکراتەکان هەژمار دەکرێت.

هاوکات، ماوەی دیبەیتەکە ٩٠ خولەک دەبێت و لەمیانیدا شەش بابەت گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بۆ هەر بابەتێک ١٥ خولەک تەرخان دەکرێت و پێویستە هەر کاندیدێک لەماوەی دوو خولەکدا وەڵامی هەر پرسیارێک بداتەوە.

بڕیارە رۆژی ٣ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و ململانێکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدنیش تابێت بەهێزتر دەبن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا