چ چارەنوسێک چاوەڕێی مستەفا کازمی دەکات؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

یەکێک لە کێشە هەرە ئاڵۆزەکانی دوای هەڵبژاردنی یەکشەممەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، ناکۆکی و رکابەری نێوان کوتلە سیاسییە شیعەکانی خولی نوێی پەرلەمانە لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە دەسەڵاتی جێبەجێکاریی باڵایە و دەستی بەسەر بەشێکی گەورەی بڕیارەکانی دەوڵەتدا گرتووە.

لەدوای ساڵی 2003 کاتێک سیستمی حوکمڕانی سەدام حسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق رووخێنرا، سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بەپێی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی بەسەر پێکهاتە سیاسییەکاندا دابەشکران.

بەبێ ئەنجامدانی سەرژمێرییەک بۆ دیاریکردنی پێکهاتەکانی عێراق، ساڵی 2003 ئەمریکا رێککەوتنی لەگەڵ سەرۆکی پارتە سەرەکییەکان کرد، بەپێی ئەو رێککەوتنە سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکاری کە گرنگترین پۆستی عێراقە، درایە پێکهاتەی شیعە کە زۆرینە بوون.

بەڵام پۆستی سەرۆک کۆمار کە پۆستێکی تەشریفییە و دەسەڵاتەکانی سنووردارە، درایە کورد و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش درایە عەرەبە سوننەکان.

لەنێوان ساڵانی 2006 تا 2018 چوار هەڵبژاردنی یاسادانان لە عێراق ئەنجامدراوە و بڕیاربوو مانگی ئایاری 2022 هەڵبژاردنی پێنجەم بکرێت، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019ەوە بڕیاردرا وادەی هەڵبژاردنەکان پێشبخرێت و لە 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی یەکشەممەی داهاتوو، ئەو لیستانەی خۆیان هەڵبژاردووە هەڵدەستن بە پێکهێنانی هاوپەیمانی و دروستکردنی کوتلەیەکی گەورەی پەرلەمان، تا بتوانرێت سەرۆک وەزیران لەو کوتلەیە دیاریبکرێت و بەرپرس بێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

بەپێی لێکدانەوەی دادگای باڵای عێراق، ئەو کوتلە گەورەیەی بەپێی دەستوور لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێکدەهێنرێت، پێکدێت لە دوو لیست یان زیاتر و زۆرترین کورسی پەرلەمانی دەبێت.

بۆ بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان، کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران پێویستی بە دەنگی زۆرینە دەبێت، دەنگی زۆرینەش واتە نیوەی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان کۆ یەک کە یەکسانە بە 166 دەنگ.

ژمارەیەکی زۆر لە کوتلە سیاسییەکان باس لە نیەتی خۆیان دەکەن بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، لەنێویشیاندا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی و هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری.

لەلایەکی دیکەوە، رەوتی سەدر باس لەوە دەکات کە دەبێتە براوە و زۆرترین کورسی پەرلەمان بەدەست دەهێنێت، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لەوەی کاندیدی خۆی بکاتە سەرۆک وەزیران، بەڵام لەم رۆژانەی دواییدا کشایەوە لە باسی بردنەوە بەتایبەت کە درکی بە سەختی بەدەستهێنانی زۆرینەی رەها کرد لە ئەندامانی پەرلەمان.

سەرباری ئەوەی سەدر پێشبینی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی بۆ خۆی دەکات لە لیستە شیعەکان، بەڵام سەختە سەدر بتوانێت هاوپەیمانییەک دروست بکات بۆ گەیشتن بە 166 کورسی تا بتوانێت حکومەتی نوێ پێکبهێنێت، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شکستی وەزیرانی رەوتی سەدر لە بەڕێوەبردنی وەزارەتەکانیان بەتایبەتیش بانکی ناوەند و وەزارەتی تەندروستیی و سەرچاوە ئاوییەکان و کارەبا.

سەرکردایەتی رەوتی سەدر پێیوایە، سەرۆکی حکومەتی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە سەرۆک وەزیرانێکی سەربەخۆ دەبێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت رەوتی سەدر کاندیدێکی سەربەخۆ دیاریبکات کە نزیک بێت لە خۆیەوە.

لە حاڵەتێکدا ئەگەر پێکهێنانی کوتلەی گەورەی پەرلەمان شکستبهێنێت، هەلێکی گەورە لەبەردەم مستەفا کازمی دروست دەبێت وەک کاندیدێکی سەربەخۆ بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

گەر پێکهێنانی کوتلەی گەورەی پەرلەمان شکستبهێنێت، پەنادەبرێتە بەر بژاردەی کاندیدی “تەوافوقی” لە دەرەوەی کوتلە سیاسییەکان، ئەمەش ئەگەرێکی گەورەیە بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق.

لەلایەکی دیکەوە کازمی و ئەوانی دیکەش زۆر باش ئەوە دەزانن، کە هەڵبژاردنیان وەک سەرۆک وەزیران روونادات گەر لەلایەک ئێران رەزامەندی پشان نەدات و لەلایەکی دیکەشەوە ئەمریکا رەخنەی نەبێت.

هاوکات، هەلێکی گەورەش دێتە بەردەم کازمی لەڕێی پشتیوانی هەرێمیی و نێودەوڵەتی، لەدوای ئەوەی سەرکەوتنی خۆی سەلماند لە دروستکردنی هاوسەنگی لە پەیوەندییە کەسییەکانی و پەیوەندییەکانی عێراق چ لەگەڵ ئەمریکا و چ لەگەڵ ئێرانیش، کە دوو بکەری سەرەکین لە ناونانی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەکچۆن لە خولەکانی پێشووتریش هەروا بووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا