پۆڵەتیك پرێس
سەرۆك وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەرمی باج خستنە سەر موچەی فەرمانبەرانی عێراقی رەتكردووەتەوە و بڕیاریداوە بە راگرتنی.
میدیا عێراقیەكان لە زاری چەند سەرچاوەیەك بڵاویانكردووەتەوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، نووسراوێکی وەزارەتی دارایی دەربارەی سەپاندنی باج بەسەر موچەی فەرمانبەران دا راگرتووە و داوایكردووە كار بەو بڕیارە نەكرێت.
هەرچەندە پێشتر نوسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری عێراق بڵاوكرایەوە تایبەت بە باج خستنە سەر موچەی فەرمانبەران بە پشتبەستن بە ماددەی 34ی بڕگەی (ج) لە یاسایی بودجەی گشتی ٢٠٢١ی عێراق، بەڵام ئەو پرسە نیگەرانی زۆری لێكەوتەوە.
هاوكات لیژنەی دارایی عێراقیش جەختیكردەوە، ھیچ نوسراوێكی فەرمی وەزارەتی دارایی نەگەیشتووەتە پەرلەمان، ئەگەر نوسراویش بكرێت لەلایەن پەرلەمانەوە كاری پێناكرێت و قابیلی قبوڵكردن نابێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی بە سەرۆك وەزیرانی عێراق داوە تانە لە یاسای بودجەی گشتی عێراق بدات، دوای ئەوەی لە كۆتایی مانگی ئادار یاسایی بودجە پەسەندكرا.