بادینان.. زیندانێکی گەورە بۆ چالاکوانان و خۆپیشاندەران

پۆڵەتیک پرێس_

دوابەدوای خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ناوچەی بادینان، هەڵمەتێكی دەستگیركردنی رۆژنامەوانان و چالاكوانان و هاووڵاتیان، دەستیپێكردووە چالاکوانانیش دەڵێن؛ پارتی دەڤەری بادینان بەجێگە نفوزی خۆی دەزانێت، بۆیە رێگە بەهیچ جوڵە و ناڕازیبوونێک لەو ناوچەیە نادات.

هەفتەی ڕابردوو، هاووڵاتییان و شۆفێرانی زاخۆ، لەلایەک دژ بەهاتنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری توركی بۆ سنووری هەرێم و بەشێکی دیکە بەرامبەر بەردەوامی سنووربەزاندن و بۆردوومانەکانی تورکیا وشەهیدبوونی هاووڵاتیان، ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی، هەر زوو، هێزە ئەمنییەکان، بەرپەرچی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و بە تەقە کردن بڵاوەیان بەخۆپیشاندەران کرد، تا ئەمڕۆش لێکەوتەی ئەو ناڕەزایەتییانە لەناوچەکەدا بە دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵی خۆپیشاندەران بەردەامی هەیە، کە تیایدا چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان بەرکەوتەی زۆرینەی دەستگیرکراوانن.

پارتی، دەڤەری بادینان بە جێگە نفوزی خۆی دەزانێت، بۆیە رێگە بەهیچ جوڵە و ناڕازیبوونێک نادات لەو ناوچەیە

سەرهەد شێخە، چالاکوانی مەدەنی لەسەر دەستگیرکردنی چالاکوانان و ڕێگریی لەخۆپیشاندان لەبادینان، بە پۆڵەتیک پرێسی ڕاگەیاند؛ دەڤەری بادینان بەهۆی گرنگی هەڵکەوتەی جوگرافیاکەیەوە، کە باشووری کوردستان بە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەبەستێتەوە، ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیجییە، دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڤەری بادینان بە جێگە نفوزی خۆی دەزانێت، هەر بۆیە رێگە بەهیچ جوڵە و ناڕازیبوونێک نادات لەو ناوچەیە.

ئەو چالاکوانە باس لەوە دەکات، باشترین بەڵگە بۆ ئەو قۆرخکارییەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو دەڤەرە کردوویەتی، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانە، کە هیچ لایەنێکی سیاسی ناتوانێت چالاکی سیاسی وەک پێویست تیایدا هەبێت.

لەخۆپیشاندانەكەی زاخۆدا 3 هاووڵاتی شەهیدبوون و 59 کەس لە ھێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران برینداربوون و زیاتر لە 50 كەسیش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران.

دوابەدوای خۆپیشاندانەکان، سەرۆكی رێكخراوی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ لەدهۆک رایگەیاند؛ بە تۆمەتی هاندانی هاونیشتمانیان و بەشداریکردن لەخۆپیشاندانەکانی دهۆک و زاخۆ، زیاتر لە 50 رۆژنامەوان، چالاکوان و هاووڵاتی سڤیل دەستگیرکراون، گرووپێکی پارێزەرانیش خۆبەخشانە کار بۆ ئازادکردنیان دەکەن.

بادینان بووەتە زیندانێکی گەورە، دەسەڵات سڵ لەهیچ ناکاتەوە، نە لەکوشتن و نە لەلێدان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان

هەر لەسەر ڕێگریی لەڕۆژنامەنووسان و سەرکوتکردن و دەستگیرکردنی چالاکوانان لەبادینان، یاد باڵەک، چالاکوانی مەدەنی، بۆ پۆڵەتیک پرێس قسەی کرد و باسی لەوەکرد؛ دەمێکە دەسەڵات لەناوچەی بادینان سەرکوتکردن و دەمکوتکردنی ڕۆژنامەوان و چالاکوانانی کردووەتە پیشەی خۆی و هەموو ڕێگاکانی ئازادی ڕادەربڕینی گرتووە و بادینان بووەتە زیندانێکی گەورە، دەسەڵات سڵ لەهیچ ناکاتەوە، نە لەکوشتن و نە لەلێدان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان.

یاد باڵەک، وتیشی؛ حزبی دەسەڵات، هێندەی ترسیان لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان هێندە ترسیان لەرۆژی دواییان نیە.

هەر پەیوەست بە سەرکوتی خۆپیشاندەران و دەستگیرکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیانی سیڤیل، دوابەدوای هەوڵی پارتی دەسەڵاتدار لەناوچەکە بۆ دەستگیرکردنی بەشداربوانی خۆپیشاندان، ژمارەیەک پەرلەمانتار لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق داوایەکیان ئاڕاستەی (جەنین بلاخارست) نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا کرد، تیایدا ئاماژەیان بەوەدابوو “شارێکی گرنگی وەک زاخۆ، کە ناوەندێکی بازرگانی مەزنە، گەنجەکانی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و کاتێکیش دەیانەوێت خۆپیشاندان بکەن بە توندترین شێوە وەڵام ئەدرێنەوە و زیندانی ئەکرێن و بێ هیچ پارێزەرێک ناچار دەکرێن واژوو لەسەر بەڵگەنامەیەک بکەن کە چیتر خۆپیشاندان نەکەن”.

لەلایەکی دیکەوە، خەتاب عومەر، پارێزەر و برای یەکێک لەدەستگیرکراوەکانی زاخۆ، بە پۆڵەتیک پرێسی وت: بەبێ فەرمانی دادگا و دادوەر، براکەی منیان دەستگیرکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا چوار شەو لە زیندانی تاکەکەسیدا بووە و ئەشکەنجەی زۆریان داوە و دوو رۆژ ئاویان پێنەداوە بەو هۆیەشەوە گورچیلەکانی وشک بوونەتەوە.

خەتاب عومەری پارێزەر، باسی لەوەش کرد؛ براکەی کە بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیرکراوە و بە بێ بڕیاری دادگاش ئازاد کراوە، لە ئێستادا دۆخی تەندروستی خراپە و توانای قسەکردنی نییە.

بادینان موڵکی هیچ حزب و لایەنێک نیە و خەڵک داوای ماف و ئازادییەکانی خۆیان دەکەن

ئەوەشی خستەڕوو؛ بادینان موڵکی هیچ حزب و لایەنێک نیە و خەڵک داوای ماف و ئازادییەکانی خۆیان دەکەن، ئەوەش مافێکی ڕەوای هەر هاووڵاتییەکە، ئەو ڕەفتارانەی دەسەڵات پێشێلکاریی دەستووری عیراق و یاساکانی هەرێمی کوردستانیشە.

لە کاتێکدا دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان بەردەوامی هەیە، لەجێی بەدەمەوە هاتن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، هەر زوو حکومەت لەڕێی ڕاپۆرتێکی نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ” لایەنگرانی پەکەکە و نەوەی نوێ ئاراستەی خۆپیشاندانەکەی زاخۆیان بۆ ئاژاوە و پشێوی گۆڕی”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا