پارتى په‌یامێك ئاڕاسته‌ى یه‌كێتى ده‌كات

پۆڵه‌تیك پرێس

پارتى دیموكراتى كوردستان بەبۆنەی (46)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان په‌یامێكى پیرۆزباى ئاڕاسته‌ى یه‌كێتى ده‌كات و تیایدا جه‌خت لەسەر هەماهەنگیی و تەبایی و یەكڕیزی ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌په‌یامه‌كه‌ى پارتیدا هاتووه‌، ئومێدەوارین لەو قۆناغەشدا بەهەموو لایەك هەوڵ بدەین بۆ بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان، بە گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتیمانپەروەریەوە بە پێی پێویستی قۆناغەکە دەوری شیاوی خۆی ببینێ.

ده‌قى په‌یامه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیی پارتى دیموكراتى كوردستان:

بۆ بەڕێز/ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

بەبۆنەی (46)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەكەین و، هیوای بەرەوپێشچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین لە كار و بەرنامەکانتان بۆ خزمەتگەیاندنی زیاتر بە دۆزی رەوای گەلەكەمان.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، هاوخەبات و هاوپەیمانێكی گرنگ و سەرەكی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستانە و، ھاوشان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكە رۆڵی كاریگەری هەبووە لە بەدیهاتن و پاراستنی دەسكەوتەكانمان، بۆیە ئومێدەوارین لەو قۆناغەشدا بەهەموو لایەك هەوڵ بدەین بۆ بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان و، بە گیانی بەرپرسیاریەتی و نیشتیمانپەروەریەوە بە پێی پێویستی قۆناغەکە دەوری شیاوی خۆی ببینێ.

لەم یادە دا، جەخت دەكەینەوە لەسەر هەماهەنگیی و تەبایی و یەكڕیزیمان شانبەشانی هێز و لایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەو گیروگرفتەکان و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و بەختەوەریی بۆ هاووڵاتیان و داكۆكیكردن لەو ئەزموونە و سووربوون لەسەر بەدیهێنانی تەواوی مافە رەواكانمان و پاراستی قەوارەی ھەرێمی کوردستان..
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەركەوتوو بن..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا