لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو منداڵان روونكردنەوە دەدرێت

پۆڵەتیك پرێس

پەتای سکچوون و رشانەوە لەناو منداڵان بڵاوبووەتەوە و بە مەبەستی ڕێگرتنیش لە زیاتر بڵاوبوونەوەی، ڕێنمایی تایبەت دەدرێتە ھاوڵاتیان وبەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانیش دەڵێت گوماندەكرێت هەندێك لەحاڵەتەكان پەتای كۆرۆنا بن بۆ داوا دەكات لەدایكان و باوكان بەبێ راوێژی پزیشك دەرمان بەكارنەهێنن.

پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری لە سلێمانی بەپۆڵەتیك پرێسی ڕایگەیاند، سکچوون و ڕشانەوە لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە کە ساڵانە لەگەڵ ھاتنی وەرزی گەرما زۆر زیاد دەکات و هۆكارەكەشی کاریگەری بەرزی پلەی گەرما و پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و خراپ ھەڵگرتنی خۆراکە.

وتیشی، ئاستی هۆشیاری تەندروستی لەناو هاوڵاتیاندا لەئاستێكی لاوازدایە و پێویستە دایكان و باوكان ئاگادار بن لەمامەڵكردن لەگەڵ نەخۆشییەكە بكەن و بەبێ پشكنین دەرمان بەكار نەهێنن.

راشیگەیاند، ھۆکارەکانی سکچوون و ڕشانەوە رەنگە ڤایرۆس یان بەکتریا، پاراسایت، خواردنی شیرینی، ھەستیاری بە پڕۆتین، نەخۆشی گەنم و جۆ، ژەھراوی بوون، ھەستیاری بەجۆرە خواردنێک یاخود کۆرۆنا یان چەندھۆکارێكی تر بێت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان لە سلێمانی داوا لە ھاوڵاتیان دەكات بە بێ ڕاوێژ و سەردانی پزیشکی پسپۆڕ دەرمان بەکارنەھێنن، چونکە ھۆکار و چارەسەرەکانیش بۆ بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەكە جیاوازن.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەندێك لە منداڵان كەتووشی سك چوون و رشانەوە دەبن گوماندەكرێت كۆرۆنا بێت بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان بەزوویی بەدوواداچوون بكەن و بۆدڵنیاكردنەوەی هاوڵاتیان لەهۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو منداڵاندا بكۆڵنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا