گەورەترین خاڵی دڵەڕاوکێی ئەمریکا لەعێراق ئاشکرادەکرێت

پۆڵەتیک پرێس

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست جەختی لەوەکردەوە ئەمریکا هەست بەدڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکات لەئاست هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆسەر بنکە سەربازی و دیبلۆماسییەکانی لەعێراق.

لەڕاپۆرتێکی رۆژنامەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە باس لەوەکراوە، ژمارەیەک بەرپرسی سەربازی و دیبلۆماسی ئەمریکا روونیانکردووەتەوە، هێزە چەکدارەکان کە دژی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکان لەعێراق فڕۆکەی بچوکی بێفڕۆکەوان لەهێرشەکانیاندا بەکاردەهێنن کە لەئاستێکی مامناوەنددا دەفڕێت و ئەمەش رێگرە لەبەردەم سیستمە بەرگرییەکان تا وەڵامی هێرشەکان بدەنەوە.

لەوبارەیەوە بەرپرسێکی هاوپەیمانان ئاماژەی بەوەکرد، لەئێستادا ئەم جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە گەورەترین خاڵی دڵەڕاوکێی هێزەکانی هاوپەیمانانن لەعێراق.

بەرپرسێکی دیکەی هاوپەیمانان لەبارەی هێرشەکەی مانگی نیسانی رابردوو بۆسەر فڕۆکەخانەی هەولێر وتی، سیستمی بەرگری ئەمریکا چاودێری ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی دەکرد بەر لەوەی نزیک ببێتەوە لەفڕۆکەخانەی هەولێر، بەڵام لەناکاو رێگەی فڕینی گۆڕی و لەچاوی ڕادارەکان ون بوو.

لەوبارەیەوە بەرپرسان ئەوەیان خستەڕوو، لەلێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە ئەو فڕۆکەیەی بۆردومانی فڕۆکەخانەی هەولێری کرد لەئێران دروستکراوە، وتیشیان، سەرباری ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام دڵەڕاوکێیەکی گەورەی لەلای کۆشکی سپی و پنتاگۆن دروستکرد.

لەراپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، مانگی نیسانی رابردوو کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا کۆمەڵێک ئۆپراسیۆنی هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل پێکهێناوە بەمەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئەو موشەکانەی لەلایەن ئێرانەوە بەرهەم دەهێنرێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا