ئەو ژنەی هێرشیکردە سەر پۆلیسێکی هاتوچۆ دەستگیرکرا

پۆڵەتیك پرێس

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگه‌یاند، دوای ئەوەی هەفتەی رابردو ژنێک هێرشیکردە سەر پۆلیسێکی هاتوچۆ لە هەولێر، ئەمڕۆ  چوارشەممە 26ی ئایار ئەو ژنە دەستگیركرا.

هۆگرعەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە پۆڵەتیك پرێسی  ڕاگەیاند: ئەو ژنەی  لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری هەولێر لە كاتی ئەركی خۆی، هێرشی كردە سەر پۆلیسێکی هاتوچۆی هه‌ولێر  به‌ بریاری داده‌وه‌ر دەستگیركراوە و پەڕاوی لێكۆلینەوەی بۆ كراوەتەوە.

وتیشی، بەگوێرەی ماددەی ٢٢٩ لە یاسای سزادانی عێراقی  و دوای تۆماركردنی داوای یاسایی لەلایەن پۆلیسەكەی هاتوچۆو بەفەرمانی دادوەر ئەو ژنە دەستگیرکراوە.

رۆژی ٢١ی ئەم مانگە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا وردەکاریی رووداوەکەی خستووەتەڕوو بڵاویكردەوە لە رۆژی ٢٠ی  ئایار لەکاتی دوا نیوەڕۆدا کارمەندێکی هاتوچۆ لەسەر شەقامی ٤٠ مەتری لە ئەرکدا خەریکی رێکخستنی هاتوچۆ بووە، كەئەويش راگرتنی لایەكی شەقامەكەیە بۆ شۆفێران تا لاكەی دیكە دەروات بەڵام لەو کاتەدا شۆفێرێکی ئافرەت كە وادیارە بووە سەرقاڵی  بەکارهێنانی مۆبایل بووە بۆیە ئاگاداری ئاماژەی دەستی کارمەندەکە نابێت و ئەوەش دەبێتە هۆی وەستانی جوڵە لەو لایەی شەقامەكە کە ئەو ئافرەتەی لێبووە، بۆیە کارمەندەکە پێی دەڵێت، مۆبایلەکەی دابنێت و ئاگاداری شەقامەکە بێت و لەسەر ئەو سەرپێچیەی كارمەندەكە ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی دەنوسێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی هاتوچۆی هەولێر، شوفێرە ئافرەتەکە بەهۆكاری تۆماركردنی سەرپێچییەكەی بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە و دوور لە رەوشتی شۆفێری لە ئۆتۆمبێلەکەی دێتە خوارەوە و هەڕەشە لەکارمەندەکە دەکات کە ژمارەکەی بسڕێتەوە، ئەگەرنا دەزگاکانی راگەیاندن دەهێنێتە شوێنەکە، بەڵام کارمەندەکە گوێ بە هەڕەشەکان نادات و جاری دواتر ئافرەتەکە بەدەست و بەشەق هێرش دەکاتە سەر کارمەندەکە و لێی دەدات.

راگەیەندراوەكەی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشكردووە، وەکو مافێکی یاسایی کارمەندەکەی هاتوچۆ چووە بنکەی پۆلیس و سکاڵای یاسایی لەسەر شوفێرەکە تۆمارکرد کە بابەتی دەستدرێژی کردنە سەر کارمەندی هاتوچۆش لە یاسای هاتوچۆی ژمارە ٨٦ سزایەکی قورسی داناوە بۆ ئەو حاڵەتە کە بەندکردنە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا