هەرێم لەبارەی دەروازە سنورییەكان وەڵامی دەستەی دەستپاکی عێراق دەداتەوە

پۆڵەتیك پرێس

دەستەی دەستپاکی عێراق حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتباردەكات بەوەی پابەند نەبووه بە رێننمایەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کە پەیوەسته بە قەدەغەی هاوردەکردنی چەند میوەیەک بۆ ناوخۆی وڵات، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات عێراق پابەندی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ نابێت و هیچ بایەخێك بەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی جوتیارانی هەرێمی كوردستان نادات و بیانوو بۆ دەروازە سنورییەكان دەدۆزێتەوە.

دەستەی دەستپاکی عێراق لە راپۆرتێکیدا سەبارەت بەهۆکاری بەرزبونەوەی نرخی شتومەک رایگەیاند، پێویسته هەماهەنگیەکی تەواو هەبێت لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی هاوردەکردنی چەند جۆرە میوەیەک.

هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردوه‌وه‌، جێبەجێنەکردنی ئەو رێنمایانە زیان بە بەرهەمی خۆماڵی دەگەیەنێت.

دەستەی دەستپاکی عێراق راشیگەیاندووە، کۆنتڕۆڵ نەکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم دەبێتە هۆکارێک بۆ دزه پێکردن و هاوردەکردنی چەندین کاڵای رێگەپێنەدراو بۆ ناو بازاڕەکان.

لەو بارەیەوە ساماڵ عبدالرحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لەوەزارەتی دارایی و ئابووری بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، هیچ بەهەرهەمێكی دەرەكی كە زیان بەناوخۆی هەرێم بگەیەنێت رێگەی پێنادرێت لەدەروازە سنورییەكانەوە داغڵی هەرێمی كوردستان ببێت و ئەو دەنگۆیانەی دەستەی دەستپاکی عێراق سەبارەت بەدەروازە سنورییەكان دوورن لەراستییەوە.

وتیشی، هەریەك لەوەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و عێراق دوو رۆژنامەی كوشتوكاڵی جیاوازیان هەیە و پێویستە یەك بخرێت تا هەردولا لەكاتی پێگەشتنی بەرهەمی ناوخۆیی جوتیارن ئاگادار بن لەبەرئەوەی رۆژنامەكان بەپێیی بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان داڕێژراوە و ئەوەش وادەكات دووبەرواری جیاوزیان هەبێت لەبەرئەوەی وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمەكان لەدووكاتی جیاوازدایە.

بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم، چەند جار هەوڵدراوە رۆژنامەكان ریكبخرێن بەڵام عێراق پابەند نابن بۆ یەكخستنی رۆژنامە كوشتوكاڵییەكان ئەوەش جیاوازی زۆری دروستكردووە.

ساماڵ عبدالرحمان ئاماژەی بەوەشكرد، دیاردەیەكی زۆرخراپ لەلایەن عێراقەوە سەری هەڵداوە ئەویش ئەوەیە رێگری دەكەن لەڕۆشتنی بەرهەمی ناوخۆیی جوتیارانی هەرێم بۆ ناوەڕاست و خواری عێراق لەكاتێكدا كەبەرهەمی جوتیارانی عێراق پێدەگات زۆر بەسەربەشتانە دەیهێنن لەهەرێمی كوردستان ساغی دەكەنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا