پۆڵەتیک پرێس
لایەنە سیاسی و میدیاییەکان کە گرنگی بە دۆسیەی تورکیا دەدەن چاوەڕێ دەکەن بزانن لە 24ی ئەم مانگە چی روودەدات و پێشبینی دەکەن ناکۆکی زیاتر بکەوێتە نێوان پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا.
ئەوەش لەکاتێکدایە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵ دەدات دەستەواژەی “جینۆسایدی ئەرمەنییەکان” دابنێت کە هەموو ساڵێک لە 24ی نیساندا یادیدەکرێتەوە.
هاوکات، دانانی ئەم دەستەوەژایە لەلایەن بایدنەوە دەستە و دامەزراوەکانی ئەمریکا ناچاردەکات کۆمەڵێک رێکاری سیاسی و کولتوری بگرنەبەر کە دەبنەهۆی بەرفراوانکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا.
ئەم بڕیارە جێبەجێکارییەی ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی ئەنجومەنی پیران و کۆنگرێسی ئەمریکا کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 دەرکرا و تیایدا دان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکاندانرا.
لەمیانی جەنگی یەکەمی جیهانی لە ساڵانی 1914 بۆ 1918، دەسەڵاتدارانی عوسمانی هەڵمەتی راگواستنیان دژی ئەو ئەرمەنییانە جێبەجێکرد کە هاوڵاتی ئیمراتۆریەتی عوسمانی بوون.
دواتریش هێز و پارتە سیاسییە ئەرمەنی و جیهانییەکان دەسەڵاتدارانی عوسمانیان تۆمەتبارکرد بە جێبەجێکردنی هەڵمەتی جینۆسایدی بەکۆمەڵ دژی ئەرمەنییەکانی ناوچە جیاجیاکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە ژمارەیان دەگەیشتە زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی کە سێ چارەکی ئەرمەنییەکانی ئەو کاتەیان پێکدەهێنا.