پۆڵەتیك پرێس
ژمارەیەك هەڵسوڕاوی ناڕازیی بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە گردبونەوەو رایانگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتودا بۆ گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ گۆران گردبونەوەی فراوان ئەنجام دەدەن.
زانا محەمەد نوێنەری دەنگە ناڕازییەكانی گۆڕان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، “دەمانەوێت دۆخی خراپی بزوتنەوەی گۆڕان چاك بكەینەوەو بڕیارمانداوە رۆژی شەشی ئەم مانگە بەدروشمی گێڕانەوەی شكۆ بۆ گۆڕان و هیوا بۆ كوردستان گردبونەوەیەك سازدەكەین”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەو گردبونەوەیەدا داوا دەكەن خەمخۆران و دەنگەناڕازییەكانی ناو گۆڕان بەشداری بكەن بۆ ئەوەی دۆخی خراپی گۆڕان بەرەو باشتر بەرن.
وتیشی، “پێویستە ئەو سەركردانەی گۆڕان چونەتە ماڵەوەو ناڕازین بەشداری بكەن و پشتیوانی لەدەنگە ناڕازییەكان بكەن و چیتر خۆیان لەبەرپرسیارێتی نەدزنەوە”.
لەماوەی رابردووداشدا دەنگە ناڕازییەكانی ناو گۆڕان گردبونەوەو پاكێجێكی شەش خاڵیان ئاڕاستەی گۆڕان كرد، تێیدا داوایانكرد، رێكخەری بزوتنەوەكە دەست لەكاربكێشێتەوەو گۆڕانیش لەبەشداریكردنی حكومەتیش بكشێنەوە.