هاوسەرۆكانی یەكێتی: جەخت لە جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیی دەكەینەوە

پۆڵەتیك پرێس

هاوسەرۆكانی یەكێتی جەخت لەجێبەجێكردنی پرۆژەی لامەركەزیی دەكەنەوە وەك ئەوەی كە لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتدا لەگەڵ پارتی ئەنجامیانداوە.

هاوسەرۆكانی یەكێتی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژە بەوەدەكەن لە میانەی پێشوازیان لە ڕۆب واڵەر كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان تاوتوێی چەندین پرسی تایبەت بەهەرێم و عێراقیان كردووە.

ئاماژە بەوەشدەكەن، لەو دیدارەدا بیروڕایان دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەرێمی كوردستان و عێراق لەبەر ڕۆشنایی پێشهات و ڕووداوەكانی ئێستا و پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵەكانیشیان بۆ ئەو پرسانە تاوتوێ كردووە.

دەشڵێن، “جەختمانكردەوە لەسەر پێویستی خستنەگەڕی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە پێناو دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتییان و پاراستنی ئارامی ناوچەكە”.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەی هاوسەرۆكانی یەكێتیدا هاتووە، جەختیان لە جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیی كردەوە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداریكردنی لە حكومەت، هاوكات بە خاڵێكی گرنگیان لە قەڵەمدا بۆ بەهێزكردنی حكومەت و پاراستنی زیاتری قەوارەی هەرێمی كوردستان و زیاتر خزمەتكردنی هاوڵاتییان.

دەشڵێن، “داوامان لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كرد رۆڵی خۆی ببینێت لە لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنەكان و یەكلاكردنەوەی كێشەكان لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و كۆتاییهێنان بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستور بەجۆرێك كە مافەكانی هاوڵاتیانی تێدا پارێزراو بێت و چیتر ڕێگە نەدرێت قوت و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان تێكەڵ بە كێشە و ململانێی سیاسییەكان بكرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵك پارێزراو بێت”.

هاوكات سوپاسی كونسوڵی گشتی ئەمریكایان كردووە كە ئامادەیی وڵاتەكەی دووپات كردەوە بۆ بەردەوامی هەوڵەكان و یارمەتیدان و هاوكاریكردنی لایەنەكان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و ڕێككەوتنی كۆتایی لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، كە رایانگەیاند وڵاتەكەیان لە رووی پێداویستی پزیشكی و كەرتی تایبەتەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا