سلێمانی 3 چالاكی موای تای لە خۆ گرت

پۆڵەتیك: سپۆڕت

بە درێژایی هەر سێ‌ ڕۆژانی پێنج شەممەی پێشوو و هەینی و دوێنێ‌ شەممە دوا چالاكی یەكێتی موای تای عێراق لە شاری سلێمانی بە كۆتا هات.

پاش ئەوەی وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق لە ماوەی ڕابردوو تیشكی سەوزی گەڕانەوەی چالاكییە وەرزشییەكانی لە تەواوی عێراق داگیرساند بە چاودێری تەندروستیكارانی شارەكان و خۆپارێزی تەواو لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا.

یەكێتی موای تای یەكێك بوو لەو یەكێتییە وەرزشیانەی هەر زوو بڕیاری ئەنجامدانی چالاكییەكانی دایەوە بۆ ئەو مەبەستەش هەرێمی كوردستانیان هەڵبژارد بۆ ئەنجامدانی چالاكییەكان سەرەتا بڕیار بوو لە هەولێری پایتەخت چالاكییەكان بەڕێوە بچێت، بەڵام دواتر بڕیارەكە گۆڕدرا و 3 چالاكی یەكێتییەكە لە ماوەی 2 مانگی ڕابردوو و سەرەتای ئەم مانگە بەڕێوەچوو پاش كۆبوونەوە و داڕشتنی میكانیزمی ئەنجامدانی چالاكییەكان.

دوێنێ‌ دوا چالاكی یەكێتییەكە كۆتایی هات لە هۆڵی یانەی ئاشتی كە هەرسێ‌ چالاكییەكەی تیادا ئەنجام درا بە پێی ئەوەی سیروان مینە سەرۆكی یەكێتی موای تای سلێمانیش بە پێگەی Politic Sport ی ڕاگەیاند: (سوپاس و ستاییش بۆ پەروەردگار سەری خۆمان و شاری سلێمانیمان بەرز كردەوە و توانیمان لە ماوەی ئەم سێ‌ مانگەدا 3 چالاكی یەكێتی موای تای میوانداری بكەین لە شارەكەمان بە هاوكاری بەڕێز پارێزگار دكتۆر هەڤاڵ ئەبو بەكر و هاوكاری یانەی ئاشتی خۆشەویست و دڵسۆزانی هونەرە بەرگرییە تایلەندییەكانی موای تای).

ناوبراو وتیشی: (دوێنێ‌ كۆتا چالاكیمان بە سەركەوتوویی بە كۆتا هێنا كە تیایدا یاریزانان و داوەرانی كوردستان و یانەكانمان بە ئاستێكی بەرز و ناوازەوە بەدەركەوتن ئەمەش دڵخۆشی كردین و ستاییشی زۆریش كراین لە لایەن بەرپرسانی یەكێتی موای تایەوە، چونكە شاری سلێمانی هەمیشە پێشڕەو بووە نەك پایتەختی ڕۆشنبیری بەڵكو پایتەختی وەرزشیشە ئێمە خۆشحاڵین كە خزمەتێكی بچووك دەكەین بە بواری وەرزش لای خۆمانەوە).

سەبارەت بە بەشداری داوەرانی كورد سیروان مینە وتی: (برایانی داوەر سەریان بەرز كردینەوە كە زۆرترین ڕووبەڕووبوونەوەكانیان بەڕێوە دەبرد بە سەركەوتوویی هەروەك یاریزانانمان و یانەكانیشمان جێگەی دڵخۆشیمان بوون كە بەو ئاستەبەرزەوە بەدەركەوتن كە لە سەر ئاستی تیپ لە پێشكەوتوان و لە سەر ئاستی لاوانیش هەردووكی پاڵەوان لە شاری سلێمانی بوو).

لە كۆتاییشدا سەرۆكی موای تای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە چالاكی داهاتووی یەكێتی موای تای عێراق لە شاری كەربەلا دەبێت بۆ یانەكانی باشور هەروەك لە مانگی 12 پێ‌ دەچێت پاڵەوانێتییەكی گەورەی یانەكانی عێراق ساز بكرێت لە شاری بەغدادی پایتەخت، بەڵام تا ئێستا بڕیار لە سەر وادەكەی نەدراوە.

جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ ئەوە بكەین كە هێشتا ئەنجامی تاكی یاریزانان بە دەرنەكەوتووە و پێ‌ دەچێت ئەمشەو یەك شەممە بڵاو بكرێتەوە، بەڵام وەك ئاستی تیپەكان ئەنجامەكان ئاشكرا كراون بەم شێوەیە:

پێشكەوتوان:
یەكەم/ یانەی سیروانی نوێ
دووەم/ یانەی ئاشتی
سێیەم/ یانەی بروسك
سێیەم دووبارە/ یانەی نیشتمان

لە سەر ئاستی لاوان:
یەكەم/ یانەی سیروانی نوێ
دووەم/ یانەی پێنجوێن
سێیەم/ یانەی سهێلی موسڵ
سێیەم دووبارە/ یانەی قەرەداغ

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا