دارا سێكانیانی: بڕیارەكەی دادگای باڵا دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ مووچەخۆران و فەرمانبەران

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارەكەی دادگای باڵا دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم، باس لەوەش دەكات، ئەم بڕیارە كێشەیەكی گەورەی لەكۆڵ حكومەتی هەرێم كردووەتەوە.

دارا سێكانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی گرەنتی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەئێستاو داهاتوودا دروستبووە، چونكە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی زۆر بەروونی دەڵێت دەبێت هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق پابەندبن و لەكاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكەن.

دارا سێكانیانی وتی: دەربارەی ئەو رێكارانەی لە بڕیارەكەی دادگادا هەیە، بەتایبەتی تەوتینی فەرمانبەران، وەزیری دارایی عێراق كە هاتە پەرلەمان وتی ئێمە هاوكاری ئێوەبووین پێویستە ئێوەش “مەبەستی پەرلەمانتارە كوردەكان بوو” هاوكارمان بن بۆئەوەی ئەم كێشەیە چارەسەربكەین، بۆ مانگی شوبات بەپێی لیستی مووچەخۆران، مووچە دەنێرین بەڵام بۆ مانگی داهاتوو پێویستە فەرمانبەران هەژماری بانكیان هەبێت لە لقەكانی بانكی فیدراڵی.

باسی لەوەشكرد، لە هەرێمی كوردستان دەوامی زیادە بەفەرمانبەران دەكەن بۆئەوەی لیستەكە ئامادەبكەن، پێم وایە لەماوەیەكی زۆرنزیكدا لیستی مووچە ئامادەبكرێت.

روونیشیكردەوە، بڕیارەكە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ مووچەخۆران و فەرمانبەران، چونكە ئەو گرفتە گەورەی لە 2014 ەوە تائێستا حكومەتی هەرێم دەستەوەستان بووە بەرامبەری بەم بڕیارەی دادگا چارەسەردەبێت، بۆیە پێم وایە گرفتێكی گەورە لەكۆڵ حكومەتی هەرێم بووەتەوە، هەندێك كەس پێیان وایە ئەم بڕیارە كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێم و لێدانە لە قەوارەی هەرێم، من دەڵێم بەپێچەوانەوە ئەم بڕیارە كێشەیەكی گەورەی لەكۆڵ حكومەتی هەرێم كردەوە، قەوارەی هەرێمیش بەپێی دەستوور دانی پێدانراوە، هاوكات مانگانە دەبێت داتاو زانیارییەكانی فەرمانبەران هەر لە هەرێمەوە بڕوات بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ وەكو پلە بەرزكردنەوە هاوسەرگیری و زیادكردنی ژمارەی منداڵ و گواستنەوە.

ئاماژەی بەوشەكرد، ئەتوانین بڵێین قورسە لەماوەی مانگێك یان دوو مانگ هەژماری بانكی بكرێتەوە، بەڵام دەكرێت بەهەماهەنگی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان كۆمەڵێك بنكە بكەنەوە، وە لەئێستاشدا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیاوە دروستكردنی هەژماری بانكی ئەوەندەش قورس نییە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا