پۆڵەتیک پرێس
ئەگەر رۆژێکی پڕ لە هیلاکی و سەرقاڵیت تێپەڕاند، بەلایەنی کەمەوە پێویستت بە ٧ بۆ ٩ سەعات خەوی تەندروست دەبێت تا بتوانیت بەسەر هیلاکییەکەتدا زاڵ بیت و کێشە بۆ رۆژانی دواترت دروست نەبێت.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی Healthline، کەمخەوی جەستەی مرۆڤ دووچاری ژمارەیەک کێشەی مەترسیدار دەکاتەوە هەر لە زیادبوونی کێشەوە هەتا لاوازبوونی سیستمی بەرگری جەستە.
ئەو کێشانەی کەمخەوی رووبەرووی مرۆڤی دەکاتەوە:
١- کێشەی بیرەوەری
لە کاتی خەوتندا مێشکت یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی زانیارییە نوێکانت بەبیربێتەوە، بۆیە کەمخەوی و خەوی ناتەندروست کاریگەری نەرێنی لەسەر بیرەوەری کورتخایەن و درێژخایەنی مرۆڤ جێدەهێڵێت.
٢- کێشەی بیرکردنەوە و سەرنجدان
تواناکانی مرۆڤ بۆ سەرنجدان، وردبوونەوە، چارەسەری کێشەکان و داهێنان بە کەمخەوی کاریگەر دەبێت و لە حاڵەتی پشوودانی کەمدا مرۆڤ ناتوانێت بە باشی بیربکاتەوە.
٣- گۆڕانی مەزاج
کەمخەوی یەکێکە لە هۆکارەکانی گۆڕانی مەزاج و زۆرجار مرۆڤ توشی بێتوانایی و خەمۆکی دەکات.
٤- روداوەکان
بەهۆی ئەوەی بێخەوی کاریگەری دەکاتە سەر سەرنجی مرۆڤ، بۆیە ئەو کەسانەی کەمخەون ئەگەری توشبوونیان بە رووداوەکانی ئۆتۆمبێل و رووداوە مەترسیدارەکانی دیکە زیاترە.
٥- بەرزە فشاری خوێن
ئەگەر مرۆڤ لەماوەی شەوێکدا کەمتر لە پێنج سەعات بخەوێت، ئەگەری بەرزبوونەوەی فشاری خوێنی زیاتر دەبێت.
٦- لاوازبوونی سیستمی بەرگری
کەمخەوی هۆکاری سەرەکییە بۆ لاوازبوونی سیستمی بەرگری جەستە بەرامبەر بە ڤایرۆسەکانی وەک ڤایرۆسی سەرمابوون و هەڵامەت.
٧- شەکرە
ئەو کەسانەی بەشی پێویست ناخەون ئاستی شەکری لەشیان بەرزدەبێتەوە بەجۆرێک لە زۆر دووبارەبوونەوەی کەمخەوی رەنگە دووچاری نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو ببنەوە.
٨- نەخۆشییەکانی دڵ
کەمخەوی هۆکارە بۆ بەرزبوونی فشاری خوێن کە هەندێک جار نەخۆشییەکانی دڵی لێدەکەوێتەوە و زیان بە دڵ دەگەیەنێت.
٩- لاوازی هاوسەنگی
کەمخەوی مرۆڤ دووچاری لاوازبوونی هاوسەنگی دەکات بەجۆرێک هەندێک جار کاتێک کە بۆ ماوەیەکی کەم خەوتوویت ئەگەری کەوتن و رووداوی فیزیکیت زیاتر دەبێت.