پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێكی دەستگیركرد كە هەڕەشەی لە كچان و ژنان كردووە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێكی مەترسیداری سەر بە گرووپی ناسراوی پلاتفۆڕمەكانی سۆشیال میدیا دەستگیركرد، كە كاریان هەڕەشەكردن بووە لە ئافرەتان بە بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو لە بەرانبەر داواكردنی پارە و ئەنجامدانی كاری نەشیاو.

رۆژی یەكشەممە 24ی ئەیلوولی 2023، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی بەناوی (ب.ب) راگەیاند كە تەمەنی 22 ساڵانە، بەهۆی هەڵخەڵاتاندنی كچان و ئافرەتان، كە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە پەیوەندی پێوەكردوون و دواتر بە بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ نەشیاوەكانیان هەڕەشەی لێ كردوون.

پۆلیسی هەولێر دوای دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە، دەستی بەسەر مۆبایل و گرووپ و پەیجەكاندا گرتووە لە سەرجەم پلاتفۆڕمەكان و ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئەو تۆمەتبارە نزیكەی 180 ڤیدیۆی ئامادەكراوی لە مۆبایلەكەیدا هەبووە كە بەنیاز بووە وەك هەڕەشەكردن لە ئافرەتانی دیكە لە گرووپ و پەیجەكانی خۆی لە پلاتفۆڕمەكانی سۆشیال میدیا بڵاویان بكاتەوە.

ئەم تۆمەتبارە یەكێكە لە ئەندامانی گرووپی ناسراو بە “گۆڤەند سی تی ئێس” و كاریان هەڕەشەكردن و بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی كچان و كوڕان بووە لە چەند گرووپ و پەیجێكی پلاتفۆڕمەكانی سۆشیال میدیا لە بەرامبەر داواكردنی پارە و هەر هۆكارێكی دیكە كە ویستوویانە لەڕێگەی ئەو قوربانیانەوە بەدەستی بهێنن یان ئەنجامی بدەن.

سەبارەت بە دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە، پۆلیسی هەولێر پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كردووەتەوە و لێكۆڵینەوەكانیش لەوبارەیەوە بەردەوامن و رێكارە یاساییەكانیش بۆ بە سزاگەیاندنی تۆمەتبارەكە رێچكەی یاسایی خۆی وەرگرتووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا