پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەبارەت بە بڕیارەكەی ڕاكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك كە داوای كردووە كارتی نیشتەجێبوون لە هاووڵاتیانی ڕەسەنی كەركوك وەربگیردرێتەوە، ڕایگەیاند: بڕیارەكەی پارێزگاری سەپێنراوی كەركوك بڕیارێكی تەواو شۆڤێنیە و پێچەوانەی هەموو بنەماكانی پێكەوە ژیان و بنەما یاسایی و دەستوورییەكانە.
وتی: بەدرێژایی مێژوو لە سەر ئاستی كۆمەڵایەتی خەڵك لەو شارەدا ژیاوە، ئەوەی ئێستا ئەو دەیكات هەموو بنەماكانی ژیانی كۆمەڵایەتی تێكدەدات و جگە لەو متمانە سیاسییە كەمەی كە هەشە ئەوەش ناهێڵێت.
وتیشی: ئێمە بە تەواوەتی دژی دەوستینەوە و پێمانوایە كە كارێكی لەمجۆرە دەبێت لەسەر ئاستی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و لەسەر ئاستی شەقامیش كاری لەسەر بكرێت تا هیچ كەسێك زاتی ئەوە نەكات كە بەمجۆرە شیرازەی كۆمەڵایەتی و شیرازەی سیاسی و شیرازەی ژیانی پێكەوەیی و برایەتی لەو شارەدا تێكبدات.
راشیگەیاند: بۆیە ئێمە وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان دژی هەموو جۆرە بیركردنەوەی لەمجۆرەی پارێزگاری سەپێنراوین و پێمانوایە دەبێت داوای لێبوردن لە دانیشتوانی شاری كەركوك بكات بە هەموو پێكهاتەكانییەوە.
راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك بە پێی نووسراوێك كە ئاڕاستەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی كەركوكی كردووە داوای كردووە كە كارتی نیشتەجێبوون لە هاووڵاتیانی ڕەسەنی كەركوك وەربگیردرێتەوە.