قوباد تاڵەبانی: داوادەكەم مامۆستایانی ئاینی رۆڵیان هەبێت لە كەمكردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، رۆژی چوارشەممە 25_5_2022، سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی كرد و بە ئامادەبوونی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف، لەگەڵ تیمی وەزارەت ‌و یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە فێنك شەفیق بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان ئامادەی بوو، گفتوگۆ كرا لەبارەی هەڵكشانی ئامارەكانی توندوتیژی دژی ژنان و شێوازەكانی ڕووبەرووبوونەوەیان.

لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: بەداخەوە بەپێی ئامارەكان ئەو دیاردەیە لە هەرێمی كوردستاندا لە هەڵكشاندایە، بۆیە پێویستمان بە هاوكاری هەمووولایەكە ئێوەش كەتوێژێكی زۆر كاریگەر و گرنگی كۆمەڵگەن داواتان لێدەكەم كە هاوكارمان بن لەرووبەرووبونەوەی ئەو دیاردەیەدا.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وتیشی: داوادەكەم مامۆستایانی ئاینی رۆڵی گرنگی خۆیان ببینن لەكەمكردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەناو كۆمەڵدا وەك چۆن پێشتر ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لەوبارەیەوە. جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە كە هەقە بەهەموومانەوە بڵێین؛ بەسە ئیتر، هیچ شەرەفێك لەژن كوشتندا نیە.

هەر لەوبارەیەوە، دكتۆر عەبدوڵڵا مەلا وەیسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان پشتیوانی پەیامەكانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد و ئاماژەی بەوەشدا كە لەئاینی ئیسلامدا بەهیچ شێوەیەك ئەوە بوونی نیە كە بە (غسل العار) ناسراوە. ئەمەش لە زۆربەی وتارەكانی مزگەوتەكاندا ئاماژەی پێدراوە، بۆ رێگری لە پەرەسەندنیشی، پێویستە هەڵمەتێك بكەین لە دژی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان و زانایانی ئاینییش لەپاڵ راگەیاندنەكاندا رۆڵی خۆیان ببینن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا