پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزیری نەوتی عێراق پشتیوانی خۆی بۆ درێژكردنەوەی رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس دووپاتكردەوەو راشیگەیاندووە، تا كۆتایی ساڵی 2022 نەوت بۆ خوار 70 دۆلار دانابەزێت و ئاماژەی بەوەشداوە، كۆمپانیا گەورەكان دەیانەوێت لەعێراق بكشێنەوە چونكە ژینگەی وەبەرهێنان لە عیراق هاندەر نەبووە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكان تێیدا بمێننەوە.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس كە پێشبینی دەكرێت رۆژی 5ی حوزەیران بەڕێوەبچێت، پشتیوان دەبێت بۆ سەقامگیری بازاڕەكانی نەوتو لە سوودی بەرهەمهێنەرانو بەكاربەرانی نەوت دەبێت.
وتیشی، عێراق پشتیوانی ئەو بۆچوونە دەكات، كە رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس تاوەكو كانونی یەكەمی 2022 درێژبكرێتەوەو لەسەرەتای مانگی ئابەوە بەپێی پێویستی بازاڕ بەرهەمهێنانی نەوت زیادبكرێت.
وەزیری نەوتی عێراق پێشبینیكردووە، تا كۆتایی ساڵی 2022 نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بۆ خوار 70 دۆلار دانەبەزێتو لەسەرووی ئەو نرخە بمێنێتەوە.
سەبارەت بەكشانەوەی كۆمپانیاكانی بواری نەوت لەعێراق، وەزیری نەوتی عیراق، ئەوەی ئاشكراكردووە، كۆمپانیای (بریتش پترۆلیۆم) ى بەریتانی و (لۆك ئۆیڵ)ی روسی دەیانەوێت لە پڕۆژەكانی وزە لە عێراق پاشەكشە بكەن، ئەوەش بەهۆی نەبوونی ژینگەیەكی لەبار بۆ وەبەرهێنان، ئەو كۆمپانیایانە بۆ وەبەرهێنانو بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر بە دوای بازاڕی نوێ و هاوبەشی تردا دەگەرێن.