پۆڵەتیك پرێس:
شەوی نۆی ئەم مانگە هێزێكی زۆری سوپای عێراق بەچەكی قورسەوە گەیشتنە ناوچەی سەوزی شاری بەغدا، سەرەتا بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی عێراق وا بڵاویانكردەوە كارەكە ڕۆتینییە و ڕۆژانە ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئاخۆ ئەو وەڵامە قایلكەرە؟ لەشاری بەغدا چی دەگوزەرێت؟
كۆكردنەوەی هێزی سەربازیی بە چەكی قورس و بردنیان بۆ دەوروبەر و ناوچەی سەوز هەرگیز وەك كارێكی ڕۆتینی نییە كە سوپا هەموو ڕۆژێك ئەنجامیدەدات، بەڵكو سەرەتای جڵەوكردنی ئەو میلیشیا شیعانەیە كە نزیكن لەئێران و دۆخیان لەگەڵ ئەمریكا لە لێواری تەقینەوەدایە.
بەگوێرەی چەند بەڵگەنامەیەكی ئەمنی كە دزەیان پێكراوە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق هێزە ئەمنییەكان لەسوپا و پۆلیس كەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ئەمیر موسەوی، دیبلۆماتكارێكی ئێرانییە لەبارەی هەنگاوەكانی سوپای عێراق ڕای وایە، سوپای ئەمریكا پلانی داناوە هێرشبكاتە سەر چەند كەسایەتییەكی عێراق كە سەركردەی میلیشیا شیعەكانن و نزیكن لە ئێران، هەربۆیە حكومەتی عێراقی ناچاركردووە ئەمنیەتی ناوچەی سەوز كە باڵیۆزخانەی ئەمریكا و نوێنەرایەتی دیبلۆماتی وڵاتانی تیادایە توندوتۆڵ بكات، ئەوەش لەترسی ئەوەی دوای هێرشەكەی ئەمریكا بۆسەر ئەو كەسایەتییانە، بەرپەرچدانەوە دژی ئەمریكا دروستببێت.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەكی نهێنی نزیكەی 10 هەزار چەكداری سەر بەمیلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران لەدەوروبەر و ناو ناوچەی سەوز بوونیان هەیە، سەرجەمیشیان ڕاسپێردراون هێرشبكەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا و بارەگاكانی حكومەتی عێراق، ئەگەرهاتوو دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرچو و بوە هۆی پێكدادانی ئەمریكا و میلیشیاكان.
پلانەكەش بەوشێوەیەیە، سەرەتا گەمارۆی ناوچەی سەوز بدرێت، دواتریش هێرشبكرێتە سەر نوێنەرایەتی دیبلۆماتی ئەو وڵاتانەی مستەفا كازمی شەڕی مانەوەیان لە عێراق دەكات.
میلیشیا شیعەكان بەتاكتیكێكی زیرەكانە پێگەی خۆیان لەدەوروبەری ناوچەی سەوز بەهێزكردووە، ئەویش بەوەی بەشێوەیەكی بەرفراوان لەهەردوو ناوچەی جادرییە لەبەری ڕەسافەی بەغدا و ناوچەی ساڵحییە لەبەری كەرخی بەغدا پێگەی سەربازییان هەیە، ناوچەی سەوزیش دەكەوێتە نێوان ئەو دوو ناوچەیەوە و ئاسانە بۆ دروستكردنی گەمارۆ لەسەری.
بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی ئەمریكا لە بەغدا، نزیكەی 11 هەزار چەكداری نزیك لە ئێران فەرمانیانی ئەوەیان پێیە لەهەرساتێكدا بێت دڵی حكومەتی عێراق و باڵیۆزخانەی هەر وڵاتێكی عەرەبی یاخود ئەوروپی داگیربكەن، باڵیۆزخانەی زۆرێك لە وڵاتانیش ئەو مەترسییەیان خستوەتە بەردەست حكومەتی عێراق و گوتویانە “چارەسەری بكە، یان دەكشێینەوە”.
ناوچەی جادرییە ئێستا بوەتە مۆتەكەی ئەمریكییەكان، چونكە میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران لەوێوە هەر كارێكیان مەبەست بێت دژی ئەمریكا ئەنجامیدەدەن، تەنانەت لەكاتی ڕاسپاردنی مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لەناوچەی جادرییەوە فرۆكەی بێ فڕۆكەوان بەمەبەستی چاودێریكردن ئاڕاستەی سەر كۆشكی سەلام، شوێنی مانەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كرا، ئەوەش بەواتای ئەوە دێت كە میلیشیاكان كوێیان مەبەست بێت بە پێشكەوتوترین تەكنەلۆژیا دەستیان پێیدەگات.
ناوچەی جادرییە ئێستا بوەتە مۆتەكەی ئەمریكییەكان، چونكە میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران لەوێوە هەر كارێكیان مەبەست بێت دژی ئەمریكا ئەنجامیدەدەن
ئێستا ئەمریكا چاوەڕێی مستەفا كازمییە و پەلەپیتكەی وەڵامدانەوەی لەسەر چەكەكەی داناوە، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش لە هەنگاوی یەكەمدا بۆ دڵنیاكردنەوەی ئەمریكا بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەی سەوزی بە هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق سپارد، ئەویش بەگومانی ئەوەی هەندێك لە ئەفسەرانی سوپا پەیوەندییان بە میلیشیا شیعەكانەوە هەبێت.
نەتەوەیەكگرتووەكان ئێستا ناوبژیكەری سەرەكی ئەمریكا و میلیشیا شیعەكانە، جینین بلاسخارت-ی نێردەی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان سەركەوتوو بووە لەوەی بۆماوەی چەندین هەفتەیە ئەمریكا و میلیشیاكانی لە پێكدادان بەدوورگرتووە، بەڵام چاودێران دەڵێن ئەوەی ڕۆژی هەینی لەبەغدا ڕوویدا و سوپا خرایە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ئاماژەی ئەوەی تیادا دەخوێندرێتەوە كە نەتەوەیەكگرتووەكان گەیشتبێتە بنبەست لە نێوەندگیری كردن.
لە پێشهاتێكی نوێدا ڕۆژی شەممە دەستەی هەماهەنگی میلیشیاكانی بەرگری عێراق كە بە نزیك لە ئێران ناسراون و پێكهاتوون لە میلیشیاكانی “كەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی، عەسائیبی ئەهلی حەق، بزوتنەوەی نوجەبا” بەشێوەیەكی فەرمی هێرشەكانیان بۆسەر ئەمریكا و هێزە بیانییەكانی دیكە لە عێراق ڕاگرت.
ئەو میلیشیایانە ئاماژەیان بەوەداوە، “بڕیارەكە وەك پێدانی چانسێكە بەو هێزە بیانیانەی لە عێراقن بۆئەوەی ڕێز لە هەوڵی ئەو كەسایەتییە سیاسیی و نیشتمانییانەی عێراق بگرن”.
بەڵام ئەمە بە جۆرێك لە گەمە و كات كوشتن تەماشا دەكرێت، چونكە بەرپرسانی ئەمریكا لەشتێك دڵنیان كە ئەویش ئەوەیە “میلیشیا شیعەكان ئەگەر ئێستاش گورزی خۆیان نەوەشێنن، بەدڵنیاییەوە خۆیان ئامادەكردووە لە نزیكی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ ئیحراجكردنی ترەمپ گورزێكی توند بوەشێنن”.
پەیامی ئەمریكا ڕوونە و دەڵێت كشانەوەمان لە عێراق بەواتای دەستپێكردنی جەنگ دێت
بەرپرسێكی شیعە كە قسەی بۆ پێگەی میدڵ ئێست ئای بەریتانی كردووە دەڵێت “پەیامی ئەمریكا ڕوونە و دەڵێت كشانەوەمان لە عێراق بەواتای دەستپێكردنی جەنگ دێت”.
بەرپرسێكی باڵای عێراق كە قسەی بۆ هەمان پێگە كردووە و لەبەر هەستیاری بابەتەكە داوایكردووە ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە دەڵێت “زۆر بە ڕوونی با پێتان بڵێم، كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق بەواتای هەرەسهێنانی ئابووری عێراق لەماوەی دوو هەفتە، هەرەسهێنانی عێراق لەڕووی سیاسی لەماوەی دوومانگ و پاشان هەرەسهێنانی ئەمنی دێت كە كۆتاییەكەی بەكەوتنی حكومەت و دەوڵەت دێت”.
میدڵ ئێست ئای ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق و پەرچەكرداری ئەو بڕیارە دەڵێت، 80 پێگەی عێراقیی هەیە كە ڕاستەوخۆ دوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا دەكرێنە ئامانج و ئەمریكا بەوردی پلانی بۆ ئەو بابەتە داڕشتووە.