پۆڵه‌تیك پرێس
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆى هه‌رێمی كوردستان هۆشدارى به خاوه‌ن ئۆتۆمبێله بێ سەرەتاكان ده‌دات به‌وه‌ى تا كۆتاى ئه‌م هه‌فته‌یه سه‌رژمێرى كردنیان به‌رده‌وامه، ئه‌و كه‌سانه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانیان تۆمارناكه‌ن دواتر ڕێكاریان به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.
بەپێی ئامارە نافەرمیەکانى هاتوچۆ زیاتر لە 60 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستاندا بونیان هه‌یه، له‌كۆى ئه‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له 10 هه‌زاریان سه‌رژمێریان بۆكراوه و سه‌رژمێریه‌كه‌ش تا رۆژى پێنج شه‌ممه به‌رده‌وامى ده‌بێت.
ئەسعەد مەلا کەریم، بەڕێوەبەری پلاندانان و ئاماری هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى:”تائێستا سه‌رژمێریكردنى ئۆتۆمبێله بێ سەرەتاكان به‌رده‌وامى هه‌یه، له هه‌فته‌ى ئاینده له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانى هاتوچۆو وه‌زاره‌تى ناخۆ كۆبونه‌وه‌یه‌ك بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى چاره‌نوسى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه ده‌كرێت”.
وتیشى، “ئه‌و كه‌سانه‌ش كه ئۆتۆمبێله‌كه‌یان سه‌رژمێرنه‌كردووه نایاساین و دواتر بڕیاریان له‌باره‌وه ده‌درێت بۆ گرتنه‌به‌رى ڕێوشوێنى پێویست، هاوكات به‌پێى ئه‌و بڕیار و رێنماییانه‌ى بۆیان ده‌رده‌كرێت سزا ده‌درین”.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، له‌ماوه‌ى رابردوودا حكومه‌تى هه‌رێم بڕیاریدا به سه‌رژمێركردن و تۆماركردنى ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەى مۆدێله‌كانیان نزمه و لە سنوورەکانی عێراق بە ژمارە و تابلۆی ساختەوە لە وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپاوە لە رێگەی سنوورە فەرمییەکانەوە بە شێوەی کاتی دەهێنرێنە باشووری کوردستان و دواتر دەفرۆشرێنەوە و مامەڵەیان پێوە دەکرێت.