ئەمڕۆ ڕۆژیادی بۆمبەری مەزنە

پۆڵەتیك: سپۆڕت
ئەگەر چی خەڵكانێك ئەمڕۆ تەنها بەوە گوێیان لە ناوی دەبێت كاتێك كە لیۆنێل میسی ژمارەیەك یەكسان دەكاتەوە یان كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ژمارەیەك دەشكێنێت دەپرسن كێ‌ بوو؟ دەنا مێژووی تۆپی پێ‌ شەرمەزاری ئەوە ئەو گێرد مۆلەرەی ئێستا ماوەی چەند ساڵە بە هۆی نەخۆشی زەهایمەر واتا بیرچوونەوەوە لە دونیای واقیعی دابڕاوە.

ئەم دوانە كاریان هاوتا كردنەوەی ژمارەكانی گێرد مۆلەرە

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە گێرد مۆلەری بۆمبەر مەزنترین گۆڵكاری مێژووی تۆپی پێ‌ و وڵاتی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونخە ئەو یاریزانەی كە باڵای تەنها 1.76م بوو، بەڵام لە ناوچەی سزا بە بۆمبەر و تێكشكێنەر ناوی دەركرد بوو سەرەڕای كورتی تەمەنی لە نێو لاكێشە سەوزەكەی تۆپی پێ‌ دا، بەڵام تا ئێستاش هەر كات هەوادارانی تۆپی پێ‌ گوێ‌ بیستی ئەوە دەبن كە لیۆ میسی یان دۆن كریس یان هەر یاریزانێكی تر ژمارەیەكی پێوانەیی هاوتا دەكاتەوە دەستبەجێ‌ ناوی دەبەستنەوە بە گێرد مۆلەرەوە تەنانەت لە ساڵی 2012 كاتێك لیۆ میسی ژمارەی گۆڵەكانی لە ساڵێكدا كردە 91 گۆڵ درێسەكەی خۆی بۆ گێرد مۆلەر نارد وەك ڕێزێك بۆ ئەو ئەفسانەیە كە هێشتا درێسەكە لە مۆزەخانەی بایرن هەڵگیراوە.

گێرد مۆلەر كە بە هۆی پێكانەوە لە تەمەنی 28 ساڵیدا وازهێنانی لە یاری كردن ڕاگەیاند بەشداری جامی جیهانی 1978 ی نەكرد لە ئەرجەنتین سەرەڕای ئەوەش بە بەشداری كردنی لە مۆندیالەكانی 1970 ی مەكسیك و 1974 ی ئەڵمانیای ڕۆژئاوادا توانی 14 گۆڵ تۆمار بكات كە ئەو ژمارەیە تا مۆندیالی ئەڵمانیای ساڵی 2006 مایەوە كە ئەو كات ڕۆناڵدۆی دیاردەی بەرازیل هاوتای كردەوە و دواتریش ژمارەكەی تێپەڕاند و كردییە 15 گۆڵ، بەڵام لە مۆندیالی 2014 ی وڵاتی بەڕازیل جارێكی تر بۆمبەرێكی ئەڵمانی كە ئەویش میرۆسلاڤ كلۆزا بوو ژمارەكەی ڕۆناڵدۆی هاوتا كردەوە و تێشی پەڕاند بە 16 گۆڵ ئێستا كلۆزا گۆڵكاری مێژوویی مۆندیالە.

دیارییەكەی میسی بۆ گێرد مۆلەر كە ئێستا لە مۆزەخانەی بایرنە

ئەڵمانەكان دەڵێن: ئەگەر جێرد مۆلەر نەبوایە بایرن هەرگێز نەدەبوو بەو هێزە تۆقێنەرەی تۆپی پێ‌ چ لە ئەڵمانیا چ لە ئەوروپادا بەو پێیەی بۆمبەری مەزن لە هەموو یارییەكدا گۆڵێك و دوان و سیان و چواری تۆمار كردووە تەنانەت هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش سەرەڕای بوونی چەندان و چەندان هێرشبەری مەزن، بەڵام هەر گێرد مۆلەر بە مەزنترین دەزانن لە مێژووی خۆیاندا.

دوا خزمەتی مۆلەریش بۆ ئەڵمانەكان و بایرن پێشكەش كردنی مۆلەری ئێستایە كە لە ساڵی 2005 ڕاهێنەری لاوانی بایرن دەبێت بە ئیدارەی بایرن ڕادەگەیەنێت كە تۆماس مۆلەر لاو دەبێتە یاریزانێكی جادووگەری بێ‌ وێنە بۆیە پێویستە لە یەك دوو ساڵی داهاتوودا سەربخرێت بۆ ڕیزی یانە زەبەلاحەكەی بایرن كە تا ئێستاش ئەو یاریزانە بەردەوامە لە یاری كردن لەگەڵ یانەكە و هەموو ئەڵمانیاش داوای گەڕاندنەوەی دەكەن بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.

Thomas Mueller and Gerd Mueller

لە مێژووی فیفادا گێرد مۆلەر بە خاوەنی ناوچەی سزا ناوزەند كراوە و بە دیكتاتۆر و بكوژی گۆڵچییەكانی سەردەمی خۆی ناوزەند كرا بوو، چونكە هێرشبەرێك بوو سەرەڕای كورتی باڵاشی، بەڵام بە هەردوو قاچ گۆڵی تۆمار دەكرد و بە كەلە و بە كەوتووییش تەنها كاری تۆپەكە خستنە نێو تۆڕی گۆڵەكەوە بوو.

جامی جیهانی 1974

لە سەیر و سەمەرەكانی ژیانی گێرد مۆلەر ئەوە بوو حەزی بە پۆشینی درێسی ژمارە 13 بوو كە هەموو یاریزانانی جیهان خۆیانی لێ‌ دەدزنەوە كە بە ژمارەیەكی شوومی دەزانن، بەڵام ئەو مێژووی پێوە نووسییەوە.

گێرد مۆلەر تا ئێستا گۆڵكاری مێژوویی بۆندزلیگایە بە تۆمار كردنی 365 گۆڵ لە 427 یاری دا هاوكات لەگەڵ ئەویش مۆلەر هەڵگری نازناوەكانی پاڵەوانی یۆرۆ 1972 و مۆندیالی 1974 و لەگەڵ بایرنیش خاوەنی چەندان و چەندان نازناوە بە تایبەت سێیینەی چامپیۆنس لیگ لە ساڵانی 1974 و 1975 و 1976 دا.

گۆڵی 2 ئەڵمانیای ڕۆژئاوا بەرامبەر هۆڵەندا كە جامەكەی پێشكەشی وڵاتەكەی كرد

لای خۆشییەوە تۆماس مۆلەر كە خۆی بە قەرزارباری گێرد مۆلەر دەزانێت لە ڕۆژیادی لە دایك بوونی بۆمبەردا دەڵێت: (بە بێ‌ گێرد مۆلەر و گۆڵ و ئەفسونەكانی باوەڕ ناكەم بایرن ئەو یانە گەورەیەی ئێستا بوایە).

لە لایەكی تریشەوە قەیسەر فرانزبیكن باوەر هاوڕێ و كاپتنی گێرد مۆلەر لە یانەی بایرن و هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش لە یادی ڕۆژ بوونی بۆمبەردا وتی: (بە بڕوای من ئەو گرنگترین یاریزانی مێژووی بایرنە، بەڵام دەشییا مۆلەریش زوو كۆتایی پێ‌ بهاتایە ئەگەر لە بایرن نەبوایە).

قەیسەر فرانزبیكن باوەر لەگەڵ گێرد مۆلەر بۆمبەر

لە ساڵی 1982 كە ئیتر بە تەواوەی لەگەڵ بایرنیش وازی لە یاری كردن هێنا تووشی ئالوودە بوون بوو بە خواردنەوە هۆش بەرییەكانەوە، بەڵام هاوڕێكانی لە بایرن هاوكارییان كرد ئەویش هێند مرۆڤێكی بەهێز بوو توانی لە ماوەی تەنها 4 هەفتەدا خۆی ڕزگار بكات لە ئالوودە بوون بە مادە كحولییەكانەوە.

جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوە بكرێت كە ئەمڕۆ یانەی باڤاری ئاهەنگێكی ڕیزلێنان بۆ گێرد مۆلەری بۆمبەر ساز دەكات لە ئالیانز ئەرینا ئەگەر چی ناوبراو خۆی ئامادە نابێت بە هۆی ئەوەی لە سەر جێگە كەوتووە و تیپەكەشیان لە نەمسایە ئەمشەو لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا بەرامبەر ڕید بۆڵ سالزبۆرگ یاری هەیە و یاریزانەكان ناتوانن ئامادە بن بۆ ئاهەنگی ئەفسانەكەیان.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا