وتەبێژی یەکێتی: لەگەڵ ئەوەدا نەبووین ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دابەشنەکردنی مووچە بدات

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان وتی، “لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیرەکانی ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نەبوون کە مووچە دابەشنەکرێت و داوامان کردووە ئەو پارەیەی کە هاتووە دابەشبکرێت”.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس تێیدا ئامادەبوو، ئاشكرایکرد، یەکێتی لە ساڵی 2014ەوە لە هەرێم و بەغدا هەوڵی چارەسەرکردنی پرسی مووچە و قووتی هاوڵاتییان دەدات و هەرگیز لەگەڵ ئەوە نەبووە کە مووچە دابەشنەکرێت.

بە ووتەی سەعدی ئەحمەد پیرە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت بەشداریی لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران نەکردووە، بەڵام وەزیرەکانی یەکێتی  لەگەڵ ئەوە نەبوون کە بڕیاری دابەشنەکردنی مووچە بدرێت بە ووتەی خۆی “یەکێتی داوا دەکات ئەو پارەیەی کە حکومەتی فیدراڵیی عێراق ناردوویەتی،  بۆ مووچە دابەشکرێت؛ چونکە نان پارو پار و دەخورێت و پێشتریش وەزارەت بە وەزارەت دابەشکراوە”.

باسی لەوەشکرد، “ئەو لیستانەی کە هێشتا تەواو نەبوون و پێداچوونەوەی ماوە، دابەشکردنی بخرێنە کاتێکی تر، چونکە ئێستا مانگی رەمەزانە و خەڵکی لە هەموو کات زیاتر چاوەڕێی مووچەیە؛ پێنەدانی مووچە کاریگەریی لەسەر بازاڕ و گوزەرانی خەڵک دەبێت”.

سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی کورد بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک، سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، لە کۆتا کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لە کەرکووک جەخت لە کارکردنی پێکەوەیی لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بە رەزامەندیی و راوێژکردن بە تەواوی پێکهاتەکان کراوتەوە، وتیشی کە کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی ئەرێنی دەڕوات و هیوادارین لەماوەیەکی کورت دا بگەنە رێککەوتن.

بەشێکی دیکەی قسەکانی وتەبێژی یەکێتی تایبەت بوون بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی (هەینی، 15ـی ئادار) مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی.

وتەبێژی یەکێتی باسی لەوەکرد، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا هەڵسەنگاندن بۆ ناوی ئەو بەربژێرانە کراوە کە مەکتەبەکانی راگەیاندن لە کۆمیتە و مەڵبەندەکان ئاراستەی سەروو خۆیان کردووە و ئەوانیش بەشێک لە ناوی بەربژێرەکانیان لە لیستەکەدا جێگیرکردووە، هەروەها وتیشی، “کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی کوردستان بەردەوامی دەبێت و هیوادارین بتوانن لەو وادەیەی کە دیاریکراوە، لیستێکی باش و باوەڕپێکراو پێشکەش بە دەزگاکانی هەڵبژاردن بکەین لە هەرێمی کوردستان”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا