پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە درێژەی هەوڵەکانی کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ نەهێشتنی دیاردەی هەبوونی چەک لای خێڵ و عەشیرەتەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، لە ئێستادا حکومەت دەستیکردووە بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی چەکی قورس و سووک. لیژنەی نیشتیمانیی رێکخستنەوەی چەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش دەڵێت بۆ هەر ‘هاوەنێک’ بڕی 6 ملیۆن دینار دەدرێت و بەپێی جۆرەکەی نرخەکان دەگۆڕێت.
عەمید باسم قەیسی، وتەبێژی لیژنەی نەهێشتن و رێکخستنەوەی چەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، “پلانی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی نەهێشتنی دیاردەی چەکدارییە و دەمانەوێت چەک تەنها لای دەوڵەت بێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکارییمان کردووە بۆ کڕینەوەی چەکی جۆری “مۆرتار” یاخوود ئەوەی لەناو خەڵکدا پێی دەوترێت ‘هاوەن’ لە هاوڵاتییان. چونکە بەهیچ شێوەیەک ناکرێت ئەم جۆرە چەکە قورسە لای هاوڵاتییان بێت”.
لەبارەی رێکارەکانی لیژنەکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو چەکە قورسانە ووتی، “لیژنەکە هانی خەڵک دەدات ئەگەر هەر کەسێک هاوەنی جۆری (120ملم، 80ملم و 60ملم)یان هەیە، ئەوان حکومەت ئامادەیە بە نرخی 3 بۆ 6 ملیۆن لێیان بکڕێتەوە، ئەم کردارەش لەرێگەی نزیکترین بنکەی پۆلیسەوە لە هاوڵاتییەکە ئەنجامدەدرێت و پاش رادەستکردنی چەکەکەی، لیژنەی تایبەتمەند بەو بوارە پارەکە دەدات بە هاوڵاتییەکە”.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو نزیکەی 697 بنکەی لە بەغدا و سەرجەم پارێزگەکانی دیکەی عێراق بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردن و رێکخستنەوەی دیاردەی چەکداریی کردەوە و ئامانج لە هەڵمەتەکەش، دەرهێنانی چەکە لەژێردەستی خێڵ و عەشیرەتەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.